دۆناڵد ترەمپ: دەبێت مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا کەمبکرێتەوە

عیراق 02:36 PM - 2026/11/19


لوتکەیەکی سێقۆڵی لە نێوان شی جین پینگ، سەرۆکی چین و هەریەک لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی نێودەوڵەتی دەستی پێکردو  دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەبێت مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا کەمبکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چین، لە میانەی لوتکەی سێقۆڵیدا،  شی جین پینگ جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی هەوڵی بەهێزکردنی هاوکارییەکان دەدات لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی جیهاندا.

هاوکات پێداگری کرد لەسەر پێویستیی پابەندبونی ئەمریکا بە رێڕەوی راست سەبارەت بە پرسی تایوان، ئەمەش بۆ دورکەوتنەوە لە رودانی پاشەکشەی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتندا.

لای خۆیەوە، ڤلادیمیر پوتین سوپاسی چینی کرد بۆ میوانداریکردنی ئەم لوتکە سێقۆڵییە و ئاماژەی بەوە دا، کە هەر سێ وڵات بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشیان لەسەر شانە لە پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی و پابەندبون بە سیستەمی یاسای نێودەوڵەتییەوە.

پوتین راشیگەیاند کە بەرژەوەندیی هاوبەش هەر سێ وڵاتەکە کۆدەکاتەوە و هاوکارییەکانی نێوانیان دەتوانێت بەشداربێت لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریدا.

لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ ئەم لوتکەیەی کە بۆ یەکەمجارە ئەمریکا، روسیا و چین کۆدەکاتەوە بە "مێژویی" وەسف کرد و رایگەیاند کە دەرفەتێکیان پێدەبەخشێت بۆ تاوتوێکردنی ئاسۆی نوێ و پاراستنی گفتوگۆیەکی کراوە و بەرهەمدار. ترەمپ دیدارەکەی لەگەڵ پوتین بە سەرکەوتوو ناوبرد و جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی مەترسی و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کردەوە، لەم چوارچێوەیەشدا دووپاتی کردەوە کە نابێت رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو