وەزارەتی ناوخۆی عیراق دانی بەوەداناوە كە لە دیالە لەكاتی دەستگیركردنی "داواكراوێك"دا سێ منداڵ كوژراون، بۆیە لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەكە پێكهێنراوە و ژمارەیەك تۆمەتبار دەستگیركراون.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڵاویكردەوە، لە ناحیەی دارسەلام لە دیالە، هاووڵاتییەك لە بازگەیەك فەرمانی هێزە ئەمنییەكانی جێبەجێ نەكردووە و نەوەستاوە، بۆیە هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەكەی كردووە بۆ ئەوەی بیوەستێنن.
پاش ئەوەی تەقە لە ئۆتۆمبێلەكە كراوە و ناچار كراوە كە بوەستێت، دەركەوتووە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا سێ منداڵ كوژراون و پێنج كەسی دیكەش برینداربوون، پاشان داواكراوەكەش دەستگیركراوە.
لەسەر رووداوەكە وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشكرای كرد، ئەفسەرێك و 10 ئەندامی ئەو هێزە دەستگیركراون كە تەقەیان كردووە، هاوكات لیژنەی لێكۆڵینەوەش لەسەر ئەم رووداوە پێكهێنراوە.