سوپای عیراق بۆ چوونە ناو جورف سەخر چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكات

عیراق 02:24 PM - 2026/11/19

فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئامادەباشیی سوپای بۆ چوونە ناو ناوچەی جورف سەخر راگەیاند‌و تەئكید دەكاتەوە، بەپێی رێنماییە ئەمنییە نوێیەكان، كەتائیبی حزبوڵا هیچ بڵاوبوونەوەیەكی لەو ناوچەیەدا نابێت.
بەپێی لێدوانی لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عیراق، هەر كە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان "سەعاتی سفر" رابگەیەنێت، سوپا دەست بە پرۆسەی چوونە ناو ناوچەی جورف سەخر دەكات. 
هاوكات سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان وردەكاریی پلانەكەی ئاشكراكرد و رایگەیاند، ئەركی پاراستنی بۆرییە نەوتییەكانی ناوچەكە دراوە بە پۆلیسی وزە، شانبەشانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كە وەك هێزێكی یەدەگ بۆ فەرماندەیی گشتیی عیراق كاردەكات. ئاماژەی بەوەشكرد، دۆسیەی جورف سەخر ناوخۆییە و بە رێكوپێكی بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای بوونی ئاڵنگاریی ناوچەیی، هێزە عیراقییەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئامادەن، سەباح نوعمان وادەی 30ی حوزەیرانی 2027ی بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بە بڕیارێكی سەروەری و جێگیر ناوبرد و باسی لە بوونی لێكتێگەیشتنی ئەرێنی لەگەڵ سەرجەم گرووپەكان كرد.
لەلایەكی ترەوە، فەریق سەعد مەعن، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق تەئكیدی لەوەكردەوە، وەك بەشێك لە رێكارەكانی پێش دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكە، كەتائیبی حزبوڵا هیچ بڵاوبوونەوەیەكی لە جورف سەخر نابێت. ناوچەی جورف سەخر دەكەوێتە باكووری پارێزگای بابل و پێگەیەكی ستراتیژیی هەیە كە بەغداد بە پارێزگاكانی باشوور و ڕۆژئاوا دەبەستێتەوە؛ ئەم ناوچەیە لە دوای ساڵی 2014ـەوە بووەتە مۆڵگەیەكی داخراوی گرووپە چەكدارەكان و تۆمەتی قاچاخچێتیكردن بە نەوتی عیراق-یش لەو شوێنە دەدرێتە پاڵ ئەو گرووپانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو