چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەكی باڵای بۆ یاسا پەكخراوەكان پێكهێنا

عیراق 10:39 AM - 2026/10/20

 چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان، پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای بۆ پۆلێنكردن و لێكۆڵینەوە لە سەرجەم ئەو یاسا دەستوورییانە راگەیاند كە پەكخراون، وە پابەندبوونی خۆی بۆ رێككەوتنی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت تاوەكو 30ی حوزەیرانی 2027، دووپاتكردەوە.

لە راگەیەندراوێكی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئاماژە بەوەكراوە، بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق چوارچێوەی هەماهەنگی، 300ەمین كۆبوونەوەی خولیی خۆی لە نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، ئەنجامدا، تێیدا كۆمەڵێك دۆسیەی هەستیاری سیاسی، یاسادانان و خزمەتگوزاری، لەگەڵ لێكەوتەكانی دۆخی ناوچەكە و رەنگدانەوەی لەسەر گۆڕەپانی عیراق تاوتوێ كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا دۆسیەی دابەشكردنی سەرۆكایەتیی لیژنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامێتییان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا خرایەڕوو، ئامادەبووان تەئكیدیان لەسەر پێویستیی یەكلاكردنەوەی ئەم شایستەیە كردەوە بەپێی پێوەرەكانی لێهاتوویی، هاوسەنگی و هاوبەشیی نیشتمانی، بە شێوەیەك كە چالاككردنی رۆڵی چاودێری و یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران و خێراكردنی پەسەندكردنی یاسا پەكخراوەكان مسۆگەر بكات.

چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەكی باڵای پێكهێناوە بۆ پۆلێنكردن و لێكۆڵینەوە لە سەرجەم ئەو یاسا دەستوورییانەی كە پەكخراون، لەگەڵ ئەو یاسایانەی كە جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتیان لەسەر بەندە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان تەئكیدی لە پابەندبوونی خۆی كردەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كە لە 30ـی ئەیلوولی 2026 رێككەوتنی لەبارەیەوە كراوە و حكومەتیشی سەرپشك كرد بۆ گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پابەندبوون پێوەی.

چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەكەی بە پێداچوونەوە بە پێشهات و گرژییەكانی دەوروبەری ناوچەكە كۆتایی پێهێنا و تەئكیدی لەسەر گرنگیی پاراستنی سەروەریی عیراق و ئاسایشی ناوخۆیی و دوورخستنەوەی وڵات لە رێڕەوەكانی پەرەسەندنی گرژی لە ناوچەكەدا كردەوە، هەروەها تەئكیدیشی لە رۆڵی ئەرێنیی بەغداد لە پشتگیریكردنی هێوركردنەوە و سەقامگیریی ناوچەیی كردەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو