مەسعود پزشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە دیدارێكدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران قبووڵی ناكات هیچ وڵاتێك بە پشتبەستن بە هێز و ئامرازەكانی فشار، ئیرادە و داواكارییەكانی خۆی بە سەریدا بسەپێنێت.
پزیشكیان لەم دیدارەدا رەزامەندی خۆی لەسەر ئاڕاستەی پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و مۆسكۆ دەربڕی و تەئكیدی لە پێویستی بەرزكردنەوەی ئاستی هاوكاری دوولایەنە، پتەوكردنی هەماهەنگی سیاسی و دیپلۆماسی و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنە ستراتیژییەكانی نێوان هەردوو وڵات كردەوە.
سەرۆك كۆماری ئێران تەئكیدی لەوەكردەوە، تاران قبوڵی ناكات وڵاتێك بە پشتبەستن بە هێز و ئامرازەكان فشار، ئیرادە و داواكارییەكانی خۆی بەسەر گەلانی تردا بسەپێنێت، پزیشكیان وتی، تاران خوازیاری جیهانێكە كە لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەكتر، پاراستنی مافی گەلان و هاوكاری بنیاتنەری فرەلایەنە بێت. وتیشی: پێمانوایە روسیاش لەم رووەوە خاوەنی بۆچوونێكی هاوبەش و روانگەیەكی هاوتەریبە لەگەڵ ئێران.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا لەبارەی دۆخی ناوچەكە، پزشكیان روونیكردەوە، وڵاتەكەی هیچ ناكۆكییەكی بنەڕەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەدا نییە و ئامادەیە لەڕێگەی گفتوگۆ و میكانیزمی هەرێمییەوە كێشەكان چارەسەر بكات. ناوبراو ئەمریكای بە هۆكاری سەرەكی ئاڵۆزییەكان زانی و رایگەیاند، ئەوە دەستێوەردان و سیاسەتی دابەشكاریی ئەمریكایە كە بووەتە هۆی دروستبوونی ناكۆكی لە ناوچەكەماندا.