سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆبووەوە

کوردستان 09:36 PM - 2026/10/13

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئامادەبوون، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران.
بارودۆخی گشتیی سووریا و پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان خرایەبەر باس و سەرۆک بافڵ پشتیوانیی نەگۆڕی یەکێتی بۆ مافەکانی گەلی کورد و سەرجەم پێکهاتەکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئێمە پشتیوانی لە چەسپاندنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کورد لە سووریا دەکەین و هاوکاری هەر هەنگاوێک دەبین کە زامنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و هێنانەدیی سەقامگیری بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان لە سووریای نوێدا.
لای خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی بە پێزانینەوە رۆڵی سەرۆک بافڵ و یەکێتی بەرزنرخاند لە سەرخستنی گفتوگۆکان لە سووریا و پاراستنی مافی کورد لە چوارچێوەی رێککەوتنەکاندا. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو