ناوی سلێمانی دەچێتە كتێبی گینسەوە

کوردستان 09:52 PM - 2026/09/27

لۆگۆی سلێمانی دەچێتە تۆماری جیهانیی گینس-ەوەو و خاوەنی بیرۆكەی لۆگۆكەش ئاشكرای دەكات، بەم زووانە سەرپەرشتیارانی گینس دەچنە شوێنەكە و ناوی سلێمانی بە رەسمی تۆمار دەكەن.

گۆڤە ئەحمەد، خاوەنی بیرۆكەی لۆگۆی سلێمانی، لە لێدوانێكیدا راگەیاند، لە ساڵانی 2024، 2025 و 2026، لە ئەنجومەنی باڵای سلێمانی نوسینی "SLEMANI"، دەستیان كرد بە نوێكردنەوەی پرۆژەكە و تۆماركردنی لە تۆماری جیهانیی گینس، وتیشی، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە دەگەڕێتەوە كوردستان و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ جێبەجێكردن و نوێكردنەوەی لۆگۆی سلێمانی؛ بیرۆكەیەك كە بە شانازییەوە كاری بۆ دەكات، بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی شیاو و جوان، ناوی سلێمانی و كوردستان زیاتر بناسێنێت و لە داهاتوودا ببێتە خزمەتێكی نێودەوڵەتی و هەنگاوێك بۆ تۆماركردنی لە كتێبی گینس.

لە بارەی ئەنجامی هەوڵەكانییان، گۆڤە ئەحمەد رایگەیاند: مژدەی ئەوە دەدات كە ناوی سلێمانییان لە كتێبی گینس تۆمار كردووە و بەم زووانە سەرپەرشتیارانی كتێبەكە دەچنە شوێنەكە و ناوی سلێمانی بە رەسمی تۆمار دەكرێت.

وتیشی:  بەم زووانە دەست بە كارەكانی پرۆژەكە دەكەن، هەروەها بانگەواز دەكەن بۆ سەرمایەداران، بازرگانان، دامەزراوەكان و هەموو دڵسۆزانی شار كە پشتیوانیان بن و هاوكاریان بن، چونكە ئەم كارە دەتوانێت ببێتە بەشێك لە سیمای نوێی سلێمانی و خزمەتێك بۆ شار و كوردستان، لە هەمان كاتدا، بە رووناككردنەوەی نووسینەكە لە شەواندا، دەتوانێت سیمایەكی جوان و جیاواز بە شاری سلێمانی ببەخشێت و ببێتە شاباشێكی جوان بۆ شار. گۆڤە ئەحمەد، خاوەنی بیرۆكەی نووسینی سلێمانی، هیوای خواست، كە بە هاوكاری و پشتیوانی هەموو دڵسۆزان و خەڵكی سلێمانی، ئەم بیرۆكەیە بگۆڕن بۆ كارێكی مێژوویی و جێگیر.

لۆگۆی ناوی سلێمانی كە لە چیای گۆیژە نووسراوە، لە ساڵی 2003وە پێشنیار كراوە و لە 2013دا لیژنەیەكی بۆ پێكهێنرا و لە ساڵی 2015دا خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، لۆگۆكە پانییەكەی 350 مەترە و بەرزییەكەشی 50 مەترە، هاوكات، رووبەری پرۆژەكە شەش هەزار و 600 مەتر دووجایە و 10 دۆنم زەوی بۆ تەرخانكراوە، پڕۆژەكەش 170 ملیۆن دیناری عیراقی تێچووە.

تۆماری جیهانیی گینس، كتێبێكی ساڵانەیە كە كۆمەڵێك ڕیكۆرد و دەستكەوتی جیهانی تێدا تۆمار دەكرێت. ئەم كتێبە هەم سەركەوتنی نائاسایی مرۆڤەكان و هەم دیاردە سروشتییە دەگمەنەكان دەگرێتەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو