وەفدێكی هەرێم بۆ پرسی مووچەی زیندانییانی سیاسی لە بەغدادە

کوردستان 10:26 AM - 2026/09/27

وەفدێكی  وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی كوردستان بۆ گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییانی سیاسی بۆ سەر عیراق لە بەغدای پایتەختن.

ئەحمەد مام رەسوڵ بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی كاروباری زیندانییانی سیاسی لەوەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان راگەیاند: ئێوارەی رۆژی شەممە وەفدێكی  باڵای وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادیان كردووە و بڕیارە  زنجیرەیەك كۆبوونەوە ئەنجامبدەن.

سەبارەت بەئامانجی سەردانەكە ئەحمەد مام رەسووڵ وتی: ئامانجەكە گواستنەوەی دۆسیەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی كوردستانە بۆ سەر دەزگای زیندانییانی سیاسیی عیراق، ئەمەش بەمەبەستی هاوتاكردنی مووچەكانیان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست گەلی كوردستان كەوتوون، وەفدەكە بەسەرۆكایەتیی عەبدوڵای حاجی مەحموود وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان دەبێت.بڕیاریشە وەفدەكە  لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق و دەستەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی عیراق كۆببێتەوە.ئامانجێكی تری وەفدەكە هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانە لەگەڵ مووچەی كەسوكاری شەهیدان لەعیراق.

مووچەی زیندانییانی سیاسی لەهەرێمی كوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر دۆسیەكانیان بچێتە سەر بەغداد، مووچەیان دەبێتە ملیۆنێك و 200 هەزار دینار و سەرجەم ئەو ماف و ئیمتیازاتانە دەیانگرێتەوە كە زیندانییانی سیاسیی عیراق هەیانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو