پرۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عیراق كرا

کوردستان 02:59 PM - 2026/09/27

 ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 كۆتایی هات و بە مەبەستی تاوتوێكردن رەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری كرا.

وەزارەتی دارایی عیراق لە راگەیەنراوێكدا، ئاماژەی بەوە كردووە،دوای تەواوبوونی قۆناغەكانی ئامادەكردن، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری كراوە. روونیشیكردووەتەوە، ئەمە بەرهەمی كۆبوونەوە بەردەوامەكانی لیژنەی باڵای ئامادەكردنی بودجە بووە بە سەرپەرشتیی فالح ساری وەزیری دارایی، بە میوانداریكردنی نوێنەرانی وەزارەتەكان، هەرێمی كوردستان، پارێزگاكان و راوێژكردن بە شارەزایانی دارایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق.

بەپێی راگەیەندراوەكە،فالح ساری وەزیری دارایی عیراق رایگەیاندووە ، وەزارەتەكەیان لە كاتی دیاریكراودا پابەندبوونەكانی خۆی لە ئامادەكردنی پڕۆژەكە جێبەجێ كردووە.باسی لەوە كرد،ئامادەكردنی بودجەكە جێبەجێكردنی پلە بەپلەی سیستمی بودجەی بەرنامە و كارایی بۆ كەرتی كارەبا و پارێزگاكانی دیوانییە و سەڵاحەددین لەخۆ دەگرێت،بۆ ئەوەی تەرخانكراوە داراییەكان بە ئامانج و ئەنجامەكانەوە ببەسترێنەوە،وەك ئامادەكارییەك بۆ جێبەجێكردنی لە سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتدا.لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا، ئەوە خراوەتەڕوو، پڕۆژەكە رەچاوی پێشینەكانی كارنامەی حكوومەت، گۆڕانكارییە ئابووری و داراییەكان و پێداویستییەكانی چینەكانی كۆمەڵگەی كردووە لە چوارچێوەی توانای دارایی بەردەستدا. هەروەها تیشكی خستووەتە سەر زیادكردنی داهاتە نانەوتییەكان و چەسپاندنی رێكخستنی دارایی.

بڕیارە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بكات، دواتریش بۆ پەسەندكردنی كۆتایی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراقی بكات بەپێی رێكارەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو