" كلتوور بەشێكە لە ناسنامە و پێكهاتەی شاری سلێمانی، بۆیە هەمیشە ئەم شارە بە زیندوویی دەمێنێتەوە". بە بەشداریی قوباد تاڵەبانی و چەندین هونەرمەند لە بوارە جیاوازەكاندا ئیڤێنتێكی گەورەی هونەری، بەبۆنەی دەستپێكی دامەزراوەی چەتری كلتووریی سلێمانی، بەڕێوەچوو.
دامەزراوەی چەتری كلتووریی سلێمانی، دامەزراوەیەكی كولتوورییە، لە لایەن ژمارەیەك هونەرمەند و نووسەر بەڕێوەدەبرێت، بۆ پاڵپشتیكردن و بەرەوپێشبردنی چالاكییە رۆشنبیری و فەرهەنگییەكان لە شاری سلێمانیدا، لە بوارەكانی ئەدەب، هونەر، فیكر و هەر بوارێكیتر كە خزمەت بە دیوە كلتوورییەكەی سلێمانی بكات.
ئامانجی سەرەكیی دامەزراوەكە، درێژكردنەوەی ئەو میراتە كلتوورییە دەوڵەمەندەیە كە شاری سلێمانی هەیبووە و پێی ناسراوە. رەنگە لە هەندێك سەردەمی سەختدا نووسەران و هونەرمەندان پاڵپشتیی پیویست نەكرابن و هیچ لایەنێكیان لە پشت نەبووبێت بۆ ئەوەی چالاك و پڕكار بمیننەوە، دامەزراوەی چەتری كولتووریی سلێمانی دەیەوێت، ئەو وزانە ببوژێنێتەوە و بیانهێنێتەوە مەیدانی كار و دواجار سلێمانییش ئەو شوناسە لە مێژینە و راستەقینەیەی لەدەست نەدات. دیدگای دامەزراوەی چەتری كلتووریی سلێمانی، دیدگایەكی مەدەنییانەیە. دامەزراوەكە بڕوای وایە لە هەر جێیەكدا، فیكر، ئەدەب و هونەر، لاواز كران و پاشەكشەیان كرد، ئەوا لە جێی ئەوان، بیری توندڕەوی و ترس و دەمارگیری، بەهێز دەبێت.
لە ئیڤێنتەكەدا، لە رێی نمایشی شانۆییی و هونەرییەوە، گەشتێك بەناو جوگرافیای كلتووری و مێژووی شكۆمەندی شاری سلێمانیدا كرا. دواتر، قوباد تاڵەبانی وتاری هەبوو، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بەوە كرد، لەو ئیڤێنتەدا وەك لێپرسراوێكی سیاسی یان حكومی بەشداری نەكردووە، بەڵكو وەكو "كوڕی هێرۆ خان" لەناو هونەرمەنداندا ئامادەیە؛ ئەو ژنەی كە دەیان ساڵی تەمەنی بۆ پشتیوانیكردنی كلتوور، كەلەپوور و ناسنامەی كلتووری كوردستان و سلێمانی تەرخان كردووە.
لە وتارەكەیدا قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە كردەوە، پێویستە تێڕوانین بۆ كلتوور بگۆڕدرێت و تەنها لە چوارچێوەی فێستیڤاڵ و بۆنە وەرزییەكاندا نەمێنێتەوە، بەڵكو ببێتە بەشێكی زیندووی ژیانی رۆژانەی شار لە خوێندنگە، زانكۆ، میدیا، ئابووری و كارسازی داهێنەرانەدا. داواشی لە سەرجەم هونەرمەندان، نووسەران، شاعیران، رۆشنبیران و پاڵپشتیكارانی بواری كلتووری كرد بڕوایان بە پشتیوانی و هاوبەشیپێكردن و كاری پێكەوەكردن هەبێت.
لەدرێژەی وتارەكەیدا قوباد تاڵەبانی وتی، گرنگە چەتری كلتوریی سلێمانی بتوانێت زەمینەی پێكەوەكاركردنی حكومەت، كەرتی تایبەت، دامەزراوە مەدەنییەكان، زانكۆكان، ئەكادیمییەكان، هونەرمەندان و خودی خەڵكی سلێمانی بەرجەستە بكات. چونكەن كلتوور موڵكی هەموو سلێمانییەكانە. ئەوەی كورد و كوردستانی پاراستووە كلتوورەكەیەتی. ئەو كلتوورەیە كە قەڵای بەرگیری كردن بووە لە بوونمان.
لە پەیامێكدا بۆ رۆشنبیران و سەرمایەداران، قوباد تاڵەبانی داوای كرد كە هەمووان بە بیرۆكە، سەرمایە و بەهرەكانیانەوە بەشدار بن لەو پڕۆژەیەدا، چونكە كلتوور موڵكی گشتی شاری سلێمانییە. لە كۆتاییدا بەڵێنی بە هونەرمەندان و نووسەران دا كە چیتر سلێمانی و مێژووە پڕ لە شكۆكەی و داهێنەرانی، بە بێ پاڵپشت و تەنها نامێننەوە و ژینگەیەكی گونجاو و بەردەوام بۆ گەشەی كلتووری دەڕەخسێنرێت.
لەلایەكی ترەوە و لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی وەبەرهێنەران لە بوژانەوەی شاری سلێمانیدا كرد و ئاشكرای كرد، بەهۆی كەمكردنەوەی رۆتین بۆیان، وەبەرهێنەران زیاتر لە 170 پرۆژەیان لەسەر ئەركی خۆیان لە شارەكەدا ئەنجام داوە و بەم نزیكانە وردەكارییەكەی بە داتا و زانیاری پێشكەش دەكرێت. قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە، گەشەسەندنی شار دەبێت هاوسەنگ بێت؛ ناكرێت تەنها گرنگی بە لایەنی ئاوەدانی و بیناسازی بیدرێت، بەڵكو دەبێت هاوتەریب لەگەڵ گەشەی ئابووری، گرنگیی تەواو بە بوارە كلتووری و هونەرییەكانیش بدرێت.