ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رایگەیاند، داننان بە مافە كولتوری و زمانەوانییەكانی كورد لە وڵاتەكەیدا ئەركێكی سەرشانی حكومەتەكەی و مافێكی رەوای گەلی كورد بووە دوای 100 ساڵ، وتیشی، لەگەڵ سەركردایەتیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی خوێندن لە ناوچە كوردنشینەكان بە زمانی كوردی بێت.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی لە نیویۆركی ئەمریكا، برێت مەكگۆرك، توێژەر و شڕۆڤەكاری ئەمریكی ئاماژەی بە مەرسوومی ژمارە 13ـی سەرۆكایەتیی سوریا كرد سەبارەت بە مافەكانی كورد و بە بەڵگەنامەیەكی سەرنجڕاكێش وەسفیكرد، بەڵام هاوكات نیگەرانیی خۆی لەبارەی زیادبوونی گرژییەكان پیشان دا بەتایبەت دوای كوژرانی شەڕڤانێكی كوردی هێزە ئەمنییەكان لە حەسەكە ، هەروەها پرسیاری لەبارەی پرسی خوێندنی پرۆگرامی نیشتمانی بە زمانی كوردی و مسۆگەركردنی مافی پێكهاتەكان لە داهاتووی سوریادا ئاراستەی سەرۆكی سوریا كرد.لە وەڵامدا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، سوریا مێژوویەكی دێرینی لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی فرەنەتەوە و فرەئاییندا هەیە و كورد بەشێكن لە كۆمەڵگەی سوریا و لەناو ئەم دەوڵەتەدا دەژین. لەبەر ئەوەی بە رەسمی ناسینی مافە كولتووری و زمانەوانییەكانی كورد ئەرك و مافێكی رەوا بوو، پێش یەكخستنەوەكەش مەرسوومەكەیان دەركرد و دوای 100 ساڵ پێشوازییەكی زۆر گەرمی لێكرا.
سەبارەت بە خوێندنی زمانی كوردی، سەرۆكی سوریا روونیكردەوە، رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لە ناوچە كوردنشینەكاندا بە زمانی كوردی بخوێندرێت و ئێستا تیمە تەكنیكییەكانی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی دارشتنی میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو مەرسوومەن.شەرع باسی لە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكان و یەكخستنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كرد و وتی: دوای ئەو رێككەوتنەی كردیان، ئێستا دەوڵەت كۆنترۆڵی تەواوی خاكی سوریا یان نزیكەی تەواوی خاكی سوریای بەدەستەوەیە.
یەكگرتنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و سوپای سوریا لە ساڵی 2026دا وەك پێشكەوتنێكی مێژوویی و وەرچەرخانێكی گەورە لە قەیرانی سوریادا تۆماركرا. دوای ساڵانێك لە دابڕان و شەڕی ناوخۆیی، پڕۆسەی تێكەڵكردنی ئەم دوو هێزە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نیشتمانیدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە .