ئامادەكارییەكان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027

کوردستان 10:54 AM - 2026/09/20

 ئەمرۆ یەكشەممە، 20ی ئەیلولی 2026  لە تەواوی خوێندنگا‌و باخچەكانی ساوایان لە هەرێمی كوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2026 بۆ 2027 لێدرا .
لەچوارچێوەی گرنگیدان بە كەرتی پەروەردە، نوێكردنەوە‌و دروستكردنی خوێندنگەی نوێ و چاپكردنی ملیۆنان كتێب ئەنجامدراون. ئەم هەنگاوانە پڕۆسەی خوێندن بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر دەبەن و ژینگەیەكی لەبار بۆ سەدان هەزار خوێندكار لە شار و گوندەكان فەراهەم دەكەن.

لەم گرافیكەدا پێتان دەڵێین ئەمساڵ چەند خوێندكاری نوێ‌ لە خوێندگاكان تۆماركراون و چەند كتێبی نوێ‌ چاپكراون:
-ژمارەی خوێندكاران: پێشبینی دەكرێت لە ساڵی خوێندنی 2026-2027دا، زیاتر لە یەك  ملیۆن و 750 هەزار خوێندكار لە ناوەندە جیاجیاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بخوێنن، ئەم ژمارە پێوانەییە نیشانەی فراوانبوونی كەرتی پەروەردەیە و پێویستی بە پلانێكی تۆكمەیە بۆ دابینكردنی پێداویستی لۆجستی و میلاكی پێویست لە هەموو قەزا و ناحییەكاندا.

-خوێندكاری پۆلی یەك: زیاتر لە 123 هەزار خوێندكاری  نوێ بۆ یەكەمجار پێ دەنێنە ناوەندەكانی خوێندن و لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتیدا تۆمار دەكرێن. گرنگییەكی زۆر بەم توێژە دەدرێت بۆ ئەوەی لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027دا، ژینگەیەكی پەروەردەیی گونجاو و هاندەریان بۆ دابین بكرێت و بە ئاسانی لەگەڵ كەشی خوێندنگەكاندا  ڕابێن و ئاشنا ببن.

-ژمارەی خوێندنگا: حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخانی پەروەردەییدا، توانیویەتی 236 خویندنگا و باخچەی ساوایانی نوێ لە سەرجەم پارێزگاكان‌و ئیدارە سەربەخۆكاندا بنیات بنێت.
ئەم پڕۆژە نوێیانە یارمەتیدەرێكی گەورە دەبن لە كەمكردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی سەر پۆلەكان لە ناوچە جیاوازەكاندا، و كوالیتی خوێندن بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەكەنەوە كە لەگەڵ ستانداردە هاوچەرخەكاندا بگونجێت، بەمەش كۆی گشتی ژمارەی خوێندنگەكان گەیشتۆتە زیاتر لە 7590 خوێندنگە .

-چاپكردنی كتێب: لەمساڵدا گۆڕانكاری لە 110 كتێبی خوێندن بۆ ئاستە جیاوازەكان كراوە تا لەگەڵ پێشكەوتنە زانستییە نوێیەكاندا بگونجێن. هاوكات، نزیكەی 19ملیۆن كتێبی نوێ چاپكراون و بەسەر گشت خوێندنگاكانی  هەرێمدا دابەشكراون، بۆ ئەوەی هیچ خوێندكارێك لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندندا بێ كتێب نەمێنێتەوە.

-زمان و زاراوە: حكومەتی هەرێم ڕێزی لە فرەیی نەتەوەیی و زمانی گرتووە، بەو پێیەی پڕۆگرامەكانی خوێندنی بە پێنج زمان و زاراوەی جیاواز ئامادە كردووە كە لە پڕۆسەی پەروەردەدا پەیڕەو دەكرێن، ئەوانیش: كوردی (سۆرانی و بادینی)، عەرەبی، ئینگلیزی، سریانی و توركمانیین. ئەم هەنگاوە مافی خوێندن بە زمانی دایك بۆ سەرجەم پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییە جیاوازەكان بە یەكسانی مسۆگەر دەكات.

-خوێندكارانی زانكۆ: جگە لە ناوەندەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، كەرتی خوێندنی باڵاش ئامادەكاری تەواوی كردووە، بەو پێیەی بڕیارە لەمساڵدا زیاتر لە 186 هەزار خوێندكار ڕوو لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان بكەن. ئەم خوێندكارانە لە پسپۆڕییە جیاوازەكاندا درێژە بە خوێندنی باڵا دەدەن، دوای ئەوەی ئامادەكارییە كارگێڕی و زانستییەكان لە گشت كۆلێژەكاندا بۆ پێشوازیكردن لەم لێشاوە گەورەیە كۆتاییان هاتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو