ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ جاری سێیەم دەنگی لەسەر كۆتاییهێنان بە جەنگی ئێراندا

عیراق 10:40 AM - 2026/09/16

بۆ جاری سێیەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەنگی بە كۆتاییهێنان بە جەنگی ئێراندا و بڕیارێكی تایبەتیشی بە جەنگ پەسند كرد، كە توانای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ بەردەوامیدان بە هەنگاوە سەربازییەكان بەبێ رەزامەندیی كۆنگرێس رادەگرێت.

دەنگدانەكە بە 220 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 204 دەنگی نەخێر پەسەند كرا، هاوشێوەی هەوڵەكانی پێشووی ئەم هاوینە، چەند كۆمارییەكی تر چوونە پاڵ دیموكراتەكان بۆ دەنگدان بە كۆتاییهێنان بە جەنگەكە. بەڵام هیچ كام لە بڕیارەكان نەگەیشتوونەتە كۆشكی سپی، كە ترەمپ دووبارە دەكرێ ڤیتۆی بكات.

ئەگەری زۆرە ئەمە دوایین دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت لەسەر جەنگی ئێران پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەی خول، كە ململانێی دەرەوەی وڵات رۆڵێكی بەرچاو لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دەگێڕێت.
 
ئەو جەنگەی ترەمپ لە 28ی شوباتدا دەستیپێكرد، درێژەی كێشاوە و زیاتر لە شەش مانگە گۆڕینەوەی هێرشی مووشەكیی كوشندە ناوچەكەی وێران كردووە.دەنگدەران رووبەڕووی بەرزیی نرخەكان بوونەتەوە، بەتایبەتی نرخی بەنزین، چونكە ململانێكان بوونەتە هۆی پچڕانی هەناردەی سەرچاوەكانی نەوت بەناو گەرووی هورمزدا.

نووسینگەی بودجەی كۆنگرێس بڵاویكردووەتەوە، تا یەكی ئاب تێچووی جەنگەكە زیاتر لە 38 ملیار دۆلار بووە و پێشبینی دەكرێت مانگانە لە نێوان دوو  بۆ سێ‌ ملیار دۆلار تێچووی هەبێت. نووسینگەكە پێشبینیشی كردووە، بەهۆی جەنگەكەوە، هەڵاوسان لە ساڵی 2027 نزیكەی سەدا سفر پۆینت پێنج بەرزتر دە بێت لەوەی چاوەڕوان دەكرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو