نرخی نەوت دابەزی و زێڕ بەرزبووەوە

کوردستان 10:51 AM - 2026/09/16

رۆژی چوارشەممە، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 1.02% دابەزی و لە 107 دۆلاردا مامەڵەی پێوەدەكرێت؛ هاوكات ئۆنسەیەك زێڕیش بە رێژەی 0.8% بەرزبووەوە و بە 4324 دۆلار مامەڵەی پێودەكرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەدوای كردنەوەی بازاڕەكانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 1.02% دابەزی و هەر بەرمیلێكی بە 107.64 دۆلار مامەڵەی پێودەكرێ. نرخی نەوتی سووكی تەكساسی ئەمریكاش بە رێژەی 1.29% دابەزی بۆ 104.46 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.

بەپێی چەندین سەرچاوە لە پەیمانگەی نەوتی ئەمریكا، قەبارەی نەوتی خاو و بەنزینی كۆگاكراو لە ئەمریكا هەفتەی رابردوو بەرزبووەتەوە؛ ئەوەش بووە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت. قەبارەی نەوتی كۆگاكراو لە ئەمریكا بە بڕی 7.1 ملیۆن بەرمیل زیادی كردووە، لە كاتێكدا بازرگانان پێشبینیی بەرزبوونەوەی تەنیا 1.6 ملیۆن بەرمیلیان دەكرد.

بازرگانان بەردەوام چاودێریی پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن، بەتایبەتی رووداوەكانی پەیوەست بە پچڕانی دابینكاریی نەوت لەلایەن سعودیەوە دوای هێرشی حووسییەكان و چەكدارانی دیكەی لایەنگری ئێران لە عیراقەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو