بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجام بدات و بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، سێ پرسی سەرەكی و تاوتوێ دەكرێن و پرسەكان بریتیین لە دانوستانەكانی وەفدی هەرێم لەگەڵ بەغداد لەبارەی بودجە، سەرژمێریی گشتی و دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن.
لە تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەدا، وەفدی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئەنجامی كۆبوونەوە و گفتوگۆ رەسمییەكان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی دەخاتەڕوو، كە ئامانج لێیان چڕكردنەوەی هەنگاوەكانە بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی دارایی 2027 و مسۆگەركردنی پشك و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێم لە خشتەكانی بودجەدا.
هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، پرسی كاریگەریی ئەنجامەكانی سەرژمێریی گشتی لەسەر دیاریكردنی ڕێژەی پشك و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەخرێتە بەرباس.
لەمبارەیەوە، وەزیری پلاندانان نووسراو و بڕیارەكانی حكومەتی عیراقی سەبارەت بە پەسەندكردنی سەرژمێریی گشتیی 2024 دەخاتەڕوو، بۆ ئەوەی كاریگەریی ئەو ئەنجامانە لەسەر شایستەكانی هەرێم هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.
هەروەها لە تەوەرێكی دیكەی كارنامەكەدا، ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 تاوتوێ دەكرێت، كە ئەم بابەتەش بە هاوبەشی لەلایەن وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دەخرێتەڕوو.