ناوەندی ئەدەبی و ڕووناكبیری لە شاری كۆیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری چالاكی گەنجان، ئێوارە كۆڕێكی تایبەتیان بۆ د.عبدلواحید ئیدریس ڕێكخست و نووسەر لە كۆڕەكەدا تیشكی خستە سەر ژیان و خەباتی شەهید سەرداری سەعید سۆفی وەك یەكێك لە پێشمەرگە دیارەكانی شۆڕشی نوێ، لە ڕوانگەی ئەو لێكۆڵینەوە و بابەتە مێژووییانەی لە گۆڤاری ڕێبەردا لەبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە.
هاوكات لە میانەی كۆڕەكەدا، كە لە هۆڵی سەنتەری چالاكی گەنجانی كۆیە بەڕێوەچوو، ئامادەبووان و توێژەران گفتوگۆیان لەبارەی وێستگەكانی خەبات و ڕۆڵی مێژوویی ئەو شەهیدە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا كرد و دواتر گۆڤاری ڕێبەر بەسەر خوێنەراندا دابەش كرا.