هەڵبژاردنی گشتی لە سوید بەڕێوەدەچێت

کوردستان 10:47 AM - 2026/09/13

دەنگدەرانی سوید بۆ دیاریكردنی 349 ئەندامی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێ ڕوویان لە سندووقەكانی دەنگدان كردووە، لە كاتێكدا كێبڕكێیەكی توند لەنێوان بەرەی چەپ و ڕاستڕەوەكان لە ئارادایە. رەوەندی كوردی لەم پرۆسەیەدا بە بەهێزی ئامادەیە و دەیان كاندیدی لەسەر لیستی پارتە سەرەكییەكان پێشكەشكردووە، لە كاتێكدا پێشبینییەكان ئاماژە بە گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ سۆسیال دیموكراتەكان دەكەن.

دەنگدەران لە یەك كاتدا بەشداری لە سێ‌ هەڵبژاردنی جیاوازدا بۆ پەرلەمان، ئەنجوومەنی هەرێمەكان و شارەوانییەكان دەكەن كە تیایدا زیاتر لە 165 پارت كێبڕكێ دەكەن.راپرسییەكان پێشبینی دەكەن پارتی سۆسیال دیموكرات بە سەرۆكایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن بە بەدەستهێنانی  سەدا 29 بۆ سەدا 31 ی  دەنگەكان ببێتە براوەی یەكەم.هاوپەیمانیی ڕاستڕەوی حوكمڕان بە سەرۆكایەتیی ئۆڵف كریستەرسۆن لە پاشەكشەدایە و سەرجەم پارتەكانی ئەو بەرەیە پێكەوە تەنیا %45 بۆ %46ـی دەنگەكان بەدەستدەهێنن.

مەترسی لەسەر پارتی لیبڕاڵەكان هەیە كە نەتوانێت بەربەستی یاسایی سەدا چواری دەنگەكان ببڕێت و بەو هۆیەوە لە پەرلەمان دەربكرێت.
ڕەوەندی كوردی لە سوید كە ژمارەیان زیاتر لە 170 هەزار كەسە،  بە یەكێك لە كاراترین پێكهاتە كۆچبەرەكان دادەنرێت و لەم هەڵبژاردنەدا نزیكەی 200 كەسیان وەك كاندید  لەسەر ئاستی پەرلەمان، هەرێمەكان و شارەوانییەكان دەستنیشان كراون؛ لەو ژمارەیە سەدا 64 یان لەسەر پارتی سۆسیال دیموكراتەكان خۆیان كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی گشتی و پەرلەمانی هەرێمەكان و شارەوانییەكان.

 پارتی سۆسیال دیموكرات جەخت لە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، مافی ژنان و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان دەكاتەوە و لەسەر داوای رای گشتی سیاسەتەكانی كۆچبەری توندتر كردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتە راستڕەوەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن لەگەڵ سەركەوتنیان، مۆدێلی سیاسەت بەگشتی لە وڵاتەكەیان دەگۆڕن. كاندیدە كوردەكانیش ئامانجی سەرەكییان چاوساغیكردن و رێنماییكردنی كۆچبەرانە بۆ خۆگونجاندن و تێگەیشتن لە یاساكان و جێگیركردنی پێگەی رەوەندی كوردی لە كایەی سیاسیی وڵاتەكەدا.

كێشە سەرەكییەكانی ئەم هەڵبژاردنە لە دەوری سێ تەوەر دەسووڕێنەوە، كە بریتین لەئابووری (كە رێژەی بێكاری گەیشتووەتە  سەودا حەوت پۆینت هەشت)،خزمەتگوزارییە گشتییەكان و زیادبوونی تاوان كە لە یەك ملیۆنەوە لە ساڵی 2010 بۆ یەك ملیۆن و 500 هەزار  لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو