كەشتییەك لە گەرووی هورمز كرایە ئامانج

عیراق 09:52 AM - 2026/09/13

دەستەی چاودێریی كەشتیوانیی دەریایی بڵاویكردووەتەوە ، لە گەرووی هورمز هێرش كراوەتەسەر كەشتییەك. ئەمەش مەترسییەكانی سەر هێڵەكانی دابینكردنی وزەی پەیوەندیدار بە ئێران زیاتر دەكات، بەتایبەت دوای ئەوەی سعودیە هێڵێكی گرنگی گواستنەوەی نەوتی داخست.

دەستەی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەكانی بەریتانیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد ، راپۆرتێكیان بەدەستگەیشتووە لەبارەی پێكانی كەشتییەك بە مووشەك یان بۆمب لە كاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا. 

راپۆرتی دەستەكە دوای رۆژێك لە راگەیەندراوێكی سعودیە هات، كە تێیدا ئاماژەی بە داخستنی كاتی هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا كراوە وەك رێكارێكی خۆپارێزی، ئەوەش دوای هێرشێكی درۆنی كە ریاز و بەغداد پشتڕاستیان كردەوە لە خاكی عێراقەوە ئەنجام دراوە.

بەردەوامبوونی هێرشەكان لە جەنگی رۆژهەلاتی ناوەڕاست، رەنگە نرخەكانی وزە بۆ ئاستێكی بەرزتر ببات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت ئاستی 100 دۆلاری تێپەڕاندەوە.

هێڵی بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا كە درێژییەكەی  هەزار و 200 كیلۆمەترە و بە نیمچەدوورگەی عەرەبیدا تێدەپەڕێت، لە شەش مانگی رابردوودا ببووە رێگەی سەرەكیی گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بازاڕەكانی جیهان، لەو كاتەوەی گەرووی هورمز بەهۆی جەنگەوە تا رادەیەكی زۆر داخراوە. ئەم هێڵە رۆژانە چوار بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی دەگواستەوە، كە دەكاتە 4٪ بۆ 5٪ی كۆی پێداویستیی نەوتی جیهان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو