مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران دەڵێت،كێشەمان لەگەڵ هیچ وڵاتێكی ناوچەكەدا نییە و كێشەی ئێمە لەگەڵ بنكەكانی ئەمریكایە.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لەچاوپێكەوتنێكی میدیایدا باسی لەپەیوەندی وڵاتاكەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت سعودیە كردو رایگەیاند، لەگەڵ هیچ وڵاتێكی ناوچەكە كێشەیان نییەو كێشەی ئەوان لەگەڵ بنكەكانی ئەمریكایە كە لەو وڵاتانەدا جێگیركراون و لەوێوە هێرشیان دەكەنە سەر. سەبارەت بەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ سعودیە، پزیشكیان وتی، ئێمە لەجەنگدا نین لەگەڵ سعودیەو حووسییەكان كێشەی تایبەتیی خۆیانیان هەیە.
سەبارەت بەگەرووی هورمزیش، سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی كە دەیانویست ئێمە لەگەڵ یەكدیدا بەشەڕ بێین، كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ عوممان دەبێت تاجۆرێك لەرێككەوتنیان هەبێت سەبارەت بەگەرووی هورمزو رێكخراوێكی نێودەوڵەتی تایبەت بەپرسەكە رادەگەیەندرێت. بۆیە، لەچوارچێوەی بنەما دانراوە نێودەوڵەتییەكاندا، رێڕەوە ئاوییەكە دەكرێتەوە بەو مەرجەی ئەمریكا كۆتایی بە گەمارۆكەی و چالاكییەكانی بهێنێت.
لە دووی ئادارەوە ئێران گەرووەكەی بەرووی كەشتییەكاندا داخستووە. بەپێی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دەریایی، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو گەرووەدا هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا، لەو كاتەوە بە تێكڕا كەمتر لەیەك ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێك هەناردەكراوە. لە 14ی تەممووزیشەوە ئەمریكا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەكانی ئێران و بەپێی سێنتكۆم، لەو كاتەوە ئاراستەی لانیكەم 100 كەشتییان گۆڕیوە كە دەیانویست گەمارۆكە بشكێنن