عیراق دەروازەی سنووریی شەلەمچە لەگەڵ ئێران بەشێوەیەكی كاتی داخست

عیراق 08:53 AM - 2026/09/12

بە فەرمانی عەلی زەیدی  سەرۆكوەزیرانی عیراق، دەروازەی سنووریی شەلەمچەی لەگەڵ ئێران بەشێوەیەكی كاتی داخرا ،ئەمەش  وەك ڕێكارێكی خۆپارێزیی لە ترسی ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوچەكە.

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوە،حكومەتی عیراق بە فەرمانێكی بەپەلەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، دەروازەی سنووریی شەلەمچەی لە پارێزگای بەسرە داخستووە و تەواوی فەرمانبەران و كرێكاران لە دەروازەكە دەركراون. ئەم ڕێكارە خۆپارێزییە لە كاتێكدایە كە ناوچەكە لە بەردەم مەترسیی وەڵامدانەوەی سەربازیدایە، دوای ئەوەی سەلمێنرا هێرشە درۆنییەكانی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودیە لە خاكی پارێزگای میسانەوە ئەنجامدراون.

بەپێی ئەوەی لە میدیا عیراقیەكان بڵاوكراوەتەوە، عەلی زەیدی بڕیاریدا فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی میسان لە پۆستەكەی دووربخاتەوە و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر فەرماندەییەكە پێكبهێنێت.

لادانی فەرماندەكەی میسان دوای ئەوە هات كە سەلمێنرا هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر خاكی سعودیە لە سنووری ئەو پارێزگایەوە ئاراستە كراون.

سعودیە پێشتر رایگەیاندبوو بۆریی نەوتی ستراتیژیی (رۆژهەڵات - رۆژئاوا) لە ریاز و مەدینە لەلایەن درۆنی هاتووەوە لە خاكی عیراق بە ئامانج گیراوە و زیانی ماددی و برینداری لێكەوتووەتەوە،لە هەمان كاتدا ریاز رایگەیاندووە لەسەر داوای حكومەتی بەغداد لەم قۆناغەدا هێرشی وەڵامدانەوەی ئەنجام نەداوە بەڵام مافی پاراستنی خاكی خۆی دەپارێزێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە مانگی تەممووزدا هێزەكانی سعودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا پێگەی گرووپە چەكدارەكانیان لە حەوت پارێزگای عیراق، بە بەسرەشەوە، بۆردومان كردبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو