وەزارەتی دارایی عیراق دەیەوێت پێش ناردنی ڕەشنووسی بودجەی 2027 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، كۆتایی بە ناكۆكییە داراییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بهێنێت. بۆ ئەو مەبەستەش فالح ساری وەزیری دارایی عیراق داوایكردووە لەم هەفتەیەدا وەفدێكی هەرێم بچنە بەغداد تا لەسەر پشكی تەرخانكراو و شایستە داراییەكان بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.
بەپێی بەدواداچونەكانی گەلی كوردستان، وەزارەتی دارایی عیراق بە رەسمی داوای وەفدێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانی كردووە سەردانی بەغداد بكەن و فالح ساری وەزیری دارایی عیراقیش، رەتیكردووەتەوە بەبێ بوونی وەفدی هەرێم بچێتە ناو وردەكارییەكانی پشكی ساڵی 2027. هەر بۆیە بڕیار دراوە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی رەشنووسی بودجەی 2027 بە هەماهەنگی هەردوولا ئامادە بكات.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە 21ی ئابی رابردوو لیستی داواكارییەكانی ڕەوانەی بەغداد كردووە. داواكارییەكان بریتین لە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، بەهەمیشەییكردنی مامۆستایان و كارمەندانی گرێبەست، و خەرجكردنی شایستە داراییەكانی خانەنشینان. هەروەها هەرێم داوای دابینكردنی بودجەی تایبەت بۆ دەرمان و پێداویستی تەندروستی لەگەڵ بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكات، كە بڕیارە لە كۆبوونەوەكانی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ لایەنی فیدراڵ یەكلا بكرێنەوە.