دەیان پەنابەری هەرێمی كوردستان و عیراق دیپۆرتی بەغداد كرانەوە

کوردستان 09:52 AM - 2026/08/29

حكومەتی ئەڵمانیا لە یەكەمین گەشتی دیپۆرتكردنەوەی بەكۆمەڵی كۆچبەران لەدوای جەنگی ئەمریكا و ئێران، زیاتر لە 30 پەنابەری هەرێمی كوردستان و عیراقی  لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی هامبۆرگەوە ڕەوانەی بەغداد كردەوە.

پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەكان لەبارەی دیپۆرتكردنەوەی ژمارەیەك پەنابەر لە ئەڵمانیاوە بۆ بەغداد، وتی زیاتر لە 30 كۆچبەر كە ژمارەیەكیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن، لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیاوە بە زۆرەملێ دیپۆرتی فڕۆكەخانەی بەغداد كراونەتەوە و گەشتەكانی دیپۆرتكردنەوە بۆ عیراق بەردەوامییان دەبێت.

ژمارەیەكی زۆری ئەو كەسانەی دیپۆرتی عیراق كراونەتەوە، ئەو پەنابەرانەن كە پێشتر داواكاریی مافی پەنابەرییان لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە ڕەتكراوەتەوە.

وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا لە دوای ساڵی 2016وە ڕێكارەكانی وەرگرتنی مافی پەنابەرییان توندكردووەتەوە‌و زۆربەی ئەو كۆچبەرانەی لەو ماوەیەدا گەیشتوونەتە ئەورووپا، داواكارییەكانیان بەهۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێنراو ڕەتكراوەتەوە.

بەگوێرەی یاسا و ڕێسا نوێیەكانی كۆچبەران، هەر پەنابەرێك نەتوانێت بە بەڵگەی تەواو بیسەلمێنێت كە لە وڵاتەكەی خۆیدا مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، داواكارییەكەی لەگەڵ یاساكانی پەنابەریدا یەكانگیر نابێت و ڕووبەڕووی دیپۆرتكردنەوەی زۆرەملێ دەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو