عاسم مونیر، سوپا سالاری پاكستان بۆ سێیەمین جار وەك نێوەندگیری لە دوای سەرهەڵدانی جەنگەوە گەیشتە تاران، بەڵام ئەمجارە ئەركی ئەو لە تاران تەواوكردنی دانوستانە پێشكەوتووەكان نییە، بەڵكو هەوڵدانە بۆ زیندووكردنەوەی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات.
عاسم مونیر پێشتریش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریكا لە مانگی نیسان و ئادار سەردانی تارانی كردبوو، ئەمەش سێیەم سەردانیەتی.
هەروەها سەرچاوە پاكستانییەكان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، دانوستانەكانی بریتی بوون لە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە ئیسلام ئاباد و سزاكانی ئەمریكا كە پێشبینی دەكرێت بەسەر ئێرانیدا بسەپێنێت، هەروەها روونكردنەوەی ئامانجی رێككەوتنی بەرگریی نێوان پاكستان و سعودیە و توركیا.
ڕۆڵی پاكستان لە مانگی ئاداردا دەستیپێكرد، كاتێك ئیسلام ئاباد پێشنیارێكی ئەمریكای گەیاند و كە داوای لە ئێران كردبوو دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت لە بەرامبەر بەڵێنی ناڕوون بۆ هەڵگرتنی سزاكاندا، بەڵام تاران ئەو داوایانەی رەتكردەوە.
ڕۆژی 15ی نیسان، عاسم مونیر دوای ئەوەی خولێكی دانوستانەكان بە میوانداریی ئیسلام ئاباد نەگەشتە ئەنجام، سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ مەسعوود پزیشكیان و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە، بەڵام لە 22ی ئایاردا گەڕایەوە و لەگەڵ ئامادەكردنی بەڵگەنامەیەكی 14 خاڵی نێوەندگیریی پاكستان بە بەشداریی قەتەر، بووە هۆی ئیمزاكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن كە لە 17ی حوزەیران ئیمزاكرا.