هاتووچۆی عیراق: هەماهەنگیمان لەگەڵ هەرێم هەیە سەبارەت بە جام رەشكردنی ئۆتۆمبێل

کوردستان 10:54 AM - 2026/08/23

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عیراق ڕایدەگەیەنێت، هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە پەیوەست بە دۆسیەكانی سزای دارایی و جام ڕەشكردنی ئۆتۆمبێل.

 عودەی سەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی عیراق ڕایگەیاند، سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی هەرێمی كوردستان یان پارێزگاكانی دیكەی عیراقن، مافێكی یاساییە.  ئاماژەی بەوەشدا، ئەم ڕێكارە بەپێی شوێنی سەرپێچییەكە جێبەجێ دەكرێت و ئامانج لێی چەسپاندنی یاسا و پاراستنی سەلامەتیی شۆفێرانە لە سەرتاسەری عیراقدا.

 بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی عیراق تەئكیدی لەوە كردەوە، هەماهەنگییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر گەشەكردنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئێستا هەردوولا لەسەر ڕێنماییەكانی جام ڕەشكردنی ئۆتۆمبێلیش ڕێككەوتوون.

باسی لەوەش كرد، هەموو بڕیارەكان وەك یەك ڕێزیان لێ دەگیرێت تاوەكو ڕێكارەكان یەك بخرێن و شۆفێران لە كاتی هاتووچۆ لە نێوان شارەكاندا تووشی ئاستەنگ نەبن.
لە هەرێمی كوردستان، بەپێی نوێترین ڕێنماییەكان، ڕێگە بە تاریككردنی جامی ئۆتۆمبێل دەدرێت بە مەرجێك ڕێژەكەی لە 30% تێپەڕ نەكات. بۆ ڕێژەی زیاتریش، شۆفێران دەبێت ساڵانە بڕە پارەیەك وەك ڕسومات بدەن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو