راوێژكارێكی زەیدی: نرخی نەوت لە بودجەدا لەنێوان 50 بۆ 60 دۆلار جێگیردەكرێت

کوردستان 09:28 AM - 2026/08/23

 مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژكاری دارایی عەلی فالح زەیدی  سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت، حكومەتی عیراق مووچە، خانەنشینی و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی وەك هێڵی سوور لە  پڕۆژەیاسای بودجەی 2027  دیاری كردووە و نرخی نەوتیش  لە نێوان 50 بۆ 60 دۆلار جێگیر دەكرێت.

مەزهەر محەممەد ساڵح، ئاماژەی بەوە كردووە ئاستەنگە جیۆپۆلەتیكییەكانی ناوچەكە و مەترسییەكانی سەر گەرووی هوورمز وایانكردووە پلاندانان بۆ بودجەی 2027 ئاڵۆز بێت. بەپێی پێشبینییەكان، عیراق دوای كۆتاییهاتنی قەیرانی گەرووی هوورمز دەگەڕێتەوە بۆ هەناردەكردنی زیاتر لە سێ‌ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئەگەر لە ناوەڕاستی ساڵدا داهاتەكان بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیانەوە ببینن، حكومەت بودجەی تەواوكاری بۆ دابینكردنی خەرجییە زیاترەكان ئامادە دەكات.
بە پێی وتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، حكومەت هیچ جۆرە سازشێك لەسەر شایستە داراییەكانی مووچەخۆران و چینە هەژارەكان لە بودجەی ساڵی 2027ـدا ناكات و مووچەی فەرمانبەران، كرێ، بەخشین، خانەنشینی و پارەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی بە هێڵی سوور و لەپێشینەی كارەكان دانراون.

حكومەتی عیراق بۆ خۆپارێزی لە ناجێگیریی بازاڕی وزە، نرخی نەوتی لە بودجەی 2027دا بە كەمتر لە نرخە ڕاستەقینەكان خەمڵاندووە. ئەم هەنگاوە بەهۆی مەترسییەكانی سەر ڕێگا بازرگانییەكان و گەرووی هوورمزە كە ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر قەبارەی هەناردەی نەوتی عیراق هەیە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو