لە كەنارزێی زێی بچووك لە قەزای تەق تەق، ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی پێنجەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی هەنجیر دەستیان پێكردووە. ئەم فێستیڤاڵە بەهاوكاری و هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری كۆیە، شارەوانی، بەشی كشتوكاڵ و بەشی رۆشنبیری و هونەری قەزاكە رێكدەخرێت. بڕیارە چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە بۆ ماوەی دوو رۆژ لەسەر یەك بەردەوام بن، كە تێیدا چەندین بەرهەمی جۆراوجۆری ناوچەكە نمایش دەكرێن. ئامانجی سەرەكی لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییانە، ناساندنی زیاتری كەرتی گەشتوگوزار و بەرهەمە كشتوكاڵییە دەوڵەمەندەكانی ئەو سنوورەیە بە هاووڵاتیان و گەشتیاران.