نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق لە دووەم رۆژی بەرێوەچوونی هەشتەمین كۆنفرانسی دیالۆكی بەغداد لە میانی بەشداریكردنی لە پانێڵێكدا رایگەیاند، عیراق لە دوای ساڵی 2004ەوە بە دۆخێكی ناهەمواردا تێپەڕیووە و هێشتا كاریگەرییەكانی ماونەتەوە.
تەئكیدیشی كردەوە كە ئێستا بەهۆی جەنگەكانی ناوچەكەوە، عیراق لە بارودۆخێكی سەختدایە و ئەمەش وا دەخوازێت لایەنەكان بە هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن بۆ پاراستنی سەقامگیری ، بە وتەی سەرۆك كۆماری عیراق، سەرەرایی ئەو بارودۆخە سەختەی لە ناوچەكەدا هەبوو توانیان سەرۆك وەزیرانی وڵات هەڵبژێرن، هێزە سیاسییەكانیش خەمخۆرن بۆ ئەوەی پێكهێنانی حكومەت بە زووترین كات تەواو ببێت.
نزار ئامێدی باسی لەكاریگەرییەكانی جەنگی ئێرانو داخستنی گەرووی هورمز لەسەر ئابووری عیراق كردو وتی لەدوای ئێران، جەنگ زۆرترین زیانی لە عیراق داوە، هەروەك باسی لە ڕۆڵی سەرۆك مام جەلال لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كرد .