ئاگرەكەی چیای ئەزمڕ كۆنترۆڵكرا

کوردستان 10:57 AM - 2026/08/22

سەعات 10ی شەوی ڕابردوو ئاگرێكی بەرفراوان لە چیای ئەزمڕ لە سلێمانی كەوتەوە‌و بەهۆی هەڵكردنی رەشەبای توند و مەترسیی مین، تیمەكانی بەرگریی شارستانی بە وریاییەكی زۆرەوە ئاگرەكەیان كۆنترۆڵكرد.

ئاگرەكە گوندەكانی خەمزە‌و قولەڕەشی گرتبووەوە‌و حەوت تیمی بەرگریی شارستانی سەرەڕای ڕەشەبا‌و بوونی مەترسیی مینی چێندراو لە هەندێك ناوچەی چیای ئەزمڕدا، توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن.

فەرهاد ساڵح، قایمقامی شارباژێر ڕایگەیاند، ئاگرەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە، تەلی یەكێك لە ستوونەكانی گواستنەوەی كارەبا پچڕاوە و ئاگرەكەی دروستكردووە.
هاوكات بەڕێوەبەری ناحیەی سیتەك-یش رایگەیاند: شۆرتی كارەبا لە ساڵانی رابردووشدا هۆكاری سەرەكیی ئەم جۆرە رووداوانە بووە لە ناوچەكەدا. هەروەك دڵنیاییدا كە رووداوەكە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.

لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە ڕاگەیێنراوێكدا دەڵێت، بای بەهێز و زۆریی پووش و پاوان، ئەركی تیمەكانیانی قورستر كردبوو، بەڵام بەو بەوپەڕی لێهاتووییەوە ئاگرەكەیان كۆنتڕۆڵكرد.

هەر لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، دوو جاری تر رووداوی ئاگركەوتنەوە لە سلێمانی روویدا و بەهۆیەوە عەمبارێكی سووتەمەنی كە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر سووتەمەنی تێدابوو بە تەواوی سوتا، هەروەها تانكەرێكی بەنزینیش لە بینای پارێزگای سلێمانی گڕیگرت. لە هەر سێ رووداوەكانی ئاگركەوتنەوە، یەك كەس گیانی لە دەستدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو