سبەینێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوەو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیارە یاسای رزگاربووانی ئێزدی و چەند پێشنیارە یاسایەكی تر دەكات.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، كارنامەی دانیشتنی ڕۆژی یەكشەممەی بڵاوكردەوە، كە تیایدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند پێشنیارە یاسایەك دەكرێت. لەوانەش پێشنیارە یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای شارۆچكە پیشەسازییەكان، كە لەلایەن لیژنەی ئابووریی و پیشەسازی و بازرگانی، ئامادە كراوە.
هەروەها لە بڕگەی دووەمدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیارە یاسای رێكخستنی وزەی نوێبووەوە دەكرێت كە لەلایەن لیژنەی كارەبا و وزە، ئامادە كراوە. لە بڕگەی سێیەمیشدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیارە یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای بەرگریی شارستانی دەكرێت كە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگریی، ئامادەكراوە. لە بڕگەی چوارەمیش خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیارە یاسای پەسەندكردنی پەیماننامەی هاوبەشی ستراتیجی لەنێوان عیراق و فەرەنسا دەكرێت كە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئامادەكراوە.
لەدواین بڕگەشدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیارە یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای رزگاربووانی ئێزدی دەكرێت كە لەلایەن لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی، ئامادە كراوە.