رێكخراوی ئۆشن ڤایكینگی ناحكومی رایگەیاند، بەلەمێكی پڕ لە كۆچبەر لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست ژێرئاو كەوتووە، بەڵام تیمەكانیان توانیویانە 55 كۆچبەر لە خنكان رزگار بكەن.
رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، بەلەمەكە پڕ بووە لە كۆچبەری نایاسایی و بەرەو سنوورە ئاوییەكانی وڵاتی ماڵتا لە دەریای ناوەڕاست رۆشتووە، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی كۆچبەران لەسەری، بەلەمەكە وەرگەڕاوە و ژێرئاو كەوتووە. روونیشیكردەوە، لەنێو رزگاركراوەكاندا 9 منداڵ و 8 ژن هەن.
لەلایەكی ترەوە، رێكخراوی ئێمرجێنسی-ی ئیتاڵی رزگاركردنی 50 كۆچبەر و گیانلەدەستدانی 5 كۆچبەری تری لە كەناراوەكانی لیبیا راگەیاند، كە هەوڵیانداوە بە بەلەمی بچووك خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا.
بەپێی ئاماری رێكخراوە ناحكومییەكان، تەنیا لەمساڵدا 852 كۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.