دەستەی ئۆپراسیۆنەكانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، كەشتییەك لەكاتی دەرچوونی لە گەرووی هورمز بە مووشەك هێرشی كراوەتە سەر.
دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، ئەندامانی دەستەی كەشتیوانان لەلایەن پاسەوانانی دەریایی عومانەوە هاوكاریی كراون، هەروەها تەئكیدی كردووەتەوە كە هیچ زیانێكی ژینگەیی لە ئەنجامی رووداوەكەوە تۆمار نەكراوە، بەڵام زیانی گیانی لێكەوتووەتەوە و زیانیش بە بزووێنەری كەشتییەكە كەوتووە.
ئەم رووداوە لەكاتێكدایە كە جووڵەی كەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە پەكخراوە و ژمارەی ئەو كەشتییانەی بە گەرووەكەدا تێپەڕ دەبن دابەزیوە بۆ كەمتر لە 10 كەشتی رۆژانە، لەكاتێكدا پێش هەڵگیرسانی جەنگەكە رۆژانە زیاتر لە 130 كەشتی لەو گەرووە گوزەریان دەكرد.
لە هەمان چوارچێوەدا، داتاكانی بەدواداچوونی كەشتییەكان كە لەلایەن كۆمپانیای كیپلەرەوە بڵاوكراونەتەوە، هێمایان بۆ خاوبوونەوەیەكی بەرچاو لە جوڵەی دەریایی لە گەرووی هورمزدا كردووە، بەپێی داتاكان، رۆژی شەممەی رابردوو، تەنیا پێنج كەشتیی گواستنەوەی كەلوپەلی سەرەكی لە گەرووەكە تێپەڕیوون، لە كاتێكدا رۆژی یەكشەممەی رابردوو هیچ كەشتییەك تێپەڕ نەبووە.
وەستانی جوڵەی كەشتیوانی لە دەریای گەرووی هورمز بەهۆی چەقبەستوویی گفتوگۆ و دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێرانە بە مەبەستی چارەسەركردنی ململانێكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.