دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت،مانگی رابردوو بە پابەندبوون بە رێنماییەكانی دەزگای نهێنی و سوپای ئەمریكا و بەشێوەیەكی نهێنی بە فڕۆكەیەكی تر جگە لە فڕۆكەی سەرۆكایەتی، توركیای بەجێهێشتووە، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی لێدوانێكدا ئاشكرای كرد كە بۆچی بەنهێنی توركیای بە فڕۆكەیەكی تر بەجێهێشتووە و رایگەیاند،لە كاتی ڕۆیشتنی لە توركیا ڕێنماییەكانی خزمەتگوزارییە ئەمنی و سەربازییەكانی جێبەجێكردووە .
وتیشی،من پابەندی ڕێنماییەكانی دەزگای نهێنی و سەربازی دەبم، ئەوان دەیانویست بە گەشتێكی جیاواز، بە فڕۆكەیەكی جیاواز گەشت بكەم.
لێدوانەكانی ترەمپ وردەكارییەكانی ئۆپراسیۆنێكی نائاسایی ئەمنی پشتڕاستكردەوە، كە بۆ یەكەمجار ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشكرایكرد، سەبارەت بە ڕۆشتنی سەرۆكی ئەمریكا لە توركیا لە هەشتی تەمموز، بەهۆی زانیاری هەواڵگری سەبارەت بە هەڕەشەیەكی ئێران.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی واشنتۆن پۆست، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا ئەو فڕۆكە بەناوبانگەی سەرۆكایەتی ئەمریكایان وەك پۆشاكێك بەكارهێناوە بۆ شاردنەوەی شوێنی راستەقینەی ترەمپ، لەكاتێكدا ترەمپ بەنهێنی گواستراوەتەوە بۆ فڕۆكەیەكی تری سەربازی كە گواستویەتیەوە بۆ بەریتانیا.
پرۆسەكە لە فڕۆكەخانەی ئەنكەرە بە شێوازێكی رۆتینی دەستیپێكرد، كاتێك ترەمپ لە بەردەم كامێراكاندا سواری فڕۆكەی كەی خۆی بوو، بەڵام دوای چەند دەقیقەیەك پلانەكە گۆڕا و دوور لە چاوی میدیاكان ترەمپ چووە فڕۆكەیەكی ترەوە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست رایگەیاندووە ، ئۆپراسیۆنەكە دوای ئەوە هات كە هەواڵگری ئەمریكا هەڕەشەیەكی پەیوەندیدار بە ئێرانیان دۆزییەوە كە بەرپرسێكی ئەمریكی بە باوەڕپێكراو وەسفی كردووە.زانیارییەكانی پێشوو ئاماژەیان بەوە كردووە كە لێپرسراوانی هەواڵگری هەڕەشەیەكی دیاریكراویان بۆ ئەنجامدانی هێرشێك لەدژی ترەمپ یان فڕۆكەكەی دەستنیشانكردووە، ئەمەش وایكردووە دەزگا ئەمنییەكان رێوشوێنی ناوازە بگرنەبەر لەكاتی رۆیشتنی ترەمپ لە توركیا.