نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، عەلی زەیدی داوای لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە پرۆژە یاسایەك بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا ئامادەبكەن
نوسینگەی راگەیاندنی عەلی فالح زەیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیران لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبووەتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، دۆخی وڵات و ئەو هەوڵانە خراونەتەڕوو كە دەزگا ئەمنییەكان بە هەموو یەكە و پێكهاتەكانیانەوە دەیدەن بۆ سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سنوور و ئاسمانی وڵات لە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیاوازەكاندا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەكەی، زەیدی داوای لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی كردووە پرۆژە یاسایەك بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا ئامادەبكەن، بەپێی ڕێكارە دەستوورییەكان.
وەك ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی پێكردووە، مەترسیدارترین شت كە هەڕەشە لەسەر دەوڵەت دروست دەكات چەكی بێ كۆنتڕۆڵە، چونكە دەسەڵاتی یاسا و شكۆی دامەزراوە ئەمنییەكان لاواز دەكات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهێزكردنی تواناكانی دامەزراوەی سەربازیی بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری ناوخۆییە كە پەیوەستە بە سەقامگیری ئابوری و سیاسی و ئەمنیی.