وەزارەتی نەوتی عیراق ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی عیراق رانەگیراوە بەڵام كەمی كرووە و لەگەڵیشیدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە 240 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 20 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە.
بەپێی وتەی سەلیم ڕووكابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوتی عێراق لەرێگەی دەریاییەوە دەفرۆشرێت، هەروەها ئاسایشی گواستنەوەی لەئەستۆی كۆمپانیای كڕیار دایە، هاوكات هەناردەی نەوتیش لەڕێگەی دەریاوە رانەگیراوە، بەڵكو كەمی كردووە، بۆیەش ئێستا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت دەدەن.
سەبارەت بە بڕی هەناردەی عیراق، وتەبێژی وەزارەتی نەوت رایگەیاند، بە هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران، عیراق 32 ملیۆن و 114 هەزار و 677 بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، داهاتەكەشی دوو ملیار و 335 ملیۆن و 537 هەزار دۆلار بووە.
لەو دوو مانگەدا لەڕێگەی دەریاوە لە بەسڕە 20 ملیۆن و 238 هەزار و 836 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە، لەڕێگەی جەیهانیشەوە 10 ملیۆن و 311 هەزار و 216 بەرمیل نەوتی كەركووك و ملیۆنێك و 564 هەزار و 625 بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە كراوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی نەوتی عیراق بێت، هەرێمی كوردستان لە مانگەكانی ئایار و حوزەیراندا ڕۆژانە 20 هەزار و 77 بەرمیلی هەناردەی دەرەوە كردووە، لە كاتێكدا پێشتر بڕی هەناردەی نەوتین هەرێم 240 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو، بەڵام بەهۆی هێرشە درۆنییەكان و كشانەوەی كۆمپانیاكانی نەوت هەناردەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.