تەڤگەری ئازادی: پێویستە پێگەی ئۆجەلان دیار بێت و ئازادیی بۆ فەراهەم بكرێت

کوردستان 08:15 PM - 2026/07/30

تەڤگەری ئازادی دەڵێت، تاوەكو ئۆجەلان خۆی پرۆسەكە بەڕێوەنەبات و پێگەكەی دیاری نەكرێت، ئەو یاسایانە ناچنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لەبارەی پڕۆسەكەوە، دەردەكرێن.

تەڤگەری ئازادی كە لە دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە لە ئایاری 2025 دروستبووە لە راگەیەندراوێكدا بۆچوونی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی پڕۆسەكە جێبەجێ بكرێن، پێویستە ئۆجەلان بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. بۆ ئەوەش پێویستە پێگەی ئۆجەلان دیار بێت و ئازادیی بۆ فەراهەم بكرێت. ئەگەر نا ڕێگریی بۆ جێبەجێكردنی یاسای پڕۆسەكە دروست دەبێت.

تەڤگەری ئازادی، هۆشداری زیاتر دەدات و دەڵێت، تاوەكو ئۆجەلان نەكەوێتە كار و خۆی ئەم پڕۆسەیە بەڕێوە نەبات، زەحمەتە زەمینەی جێبەجێكردنی ئەو یاسایەی كە لە پەرلەمان دەردەكرێت، بێتە ئاراوە.

تەڤگەری ئازادی، ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو گفتوگۆیانەی لە سەرچاوەكانەوە دەربارەی قۆناغی یاسایی بڵاودەبنەوە، مایەی نیگەرانییە و تەئكید لەوە دەكەنەوە، پێویستە یاساكە توانای بەدیهێنانی ئاشتی هەبێت.

تەڤگەری ئازادی، ڕەخنەی لە زمانی لێپرسراوانی توركیا گرتووە و باسی لەوە كردووە، بەكارهێنانی چەمكەكانی تیرۆر و ڕێكخستی تیرۆر بۆ ڕێكخستنەكەیان، كە كۆتایی بە تێكۆشانی چەكداری دژی توركیا هێناوە، كێشە بۆ پڕۆسەكە دروست دەكات.

تەڤگەری ئازادیی بۆچوونی داهاتووی خۆیان دەبەستێتەوە بە ناوەڕۆكی یاسا چاوەڕوانكراوەكەوە و دەڵێت، لە دوای بینینی یاساكە ئاستی نزیكایەتیی خۆیان لەگەڵ پڕۆسەكە دیاری دەكەن و ئەگەر یاساكە ئەرێنی بێت، ئەوانیش هانگاوی زیاتر دەنێین و بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ دەكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو