هەرچەندە ماوەی چەند شەوێك بوو ، ئەمریكا هێرشەكانی بۆسەر ئێران راگرتبوو، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێكی تر واشنتۆن زنجیرەیەك هێرشی بۆسەر ئێران ئەنجامداو دەیان پێگەی سەربازی و كارگەی دروستكردنی مووشەكیان لەو وڵاتە بۆردومان كرد.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دەیان پێگەی سەربازیو كارگەی دروستكردنی درۆنو مووشەكییان لە ناوخۆی ئێران بۆردومان كردووە. ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانی سێنتكۆم هێرشێكی چڕی ئاسمانییان بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە و هێرشەكان سەعات سێ و 30 دەقیقەی بەرەبەیان بەكاتی ئێران دەستیانپێكردووەو نزیكەی سەعات پێنج كۆتاییان هاتووە و تێیدا بە سەركەوتوویی دەیان ئامانجی سوپای پاسداران بۆردومان كراون.
بەپێی ڕاگەیێندراوەكەی سێنتكۆم، ئامانجەكان بە وردی دەستنیشانكرابوون و ناوەندەكانی فەرماندەیی سەربازی، دامەزراوەكانی دروستكردنی مووشەك و درۆن، بنكەكانی چاودێری، سیستەمەكانی بەرگریی كەناراوەكان و تواناكانی هێزی دەریایی ئێرانی گرتووەتەوە. سێنتكۆم ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم هێرشە قورسە وەك وەڵامدانەوەیەك بووە بۆ ئەو هەوڵە مووشەكییانەی كە هێزەكانی سوپای پاسداران لە رۆژی 28ـی تەممووزدا ئەنجامیان دابوو و هێزەكانی ئەمریكایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردبووە ئامانج. بەپێی راگەیەندراوەكە، مەبەستی سەرەكی لەم هێرشانە كەمكردنەوەی ئەو هەڕەشانەیە كە ئێران بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكاو كەشتییە بازرگانییەكان و وڵاتانی كەنداو دروستی دەكات.
هاوكات میدیا رەسمییەكانی ئێران پشتڕاستیان كردەوە كە تەقینەوەكان دەوروبەری بەندەر عەباس و دوورگەكانی كیش و قشم و ناوچەی دەریایی لە گەرووی هورمز هەژاندووە.
دوای ئەم هێرشەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، سوپای ئوردن رایگەیاند، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكەی پێنج مووشەكی ئێرانییان تێكشكاندووە كە ئاراستەی خاكەكەیان كرابوون.