ئەمڕۆ سێشەممە، لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا رێوڕەسمی ماڵئاوایی كردن لە لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری پارتیی كۆماری بەڕێوەدەچێت.
لەو رێوڕەسمەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و لێپرسراوانی وڵاتەكە ئامادەدەبن، بڕیاریشە هەریەك لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا بۆ رێزگرتن لەو سیناتۆرەی كە بە دۆستی نزیكی ئیسرائیل و ئۆكرانیا دەناسرا بەشداری رێوڕەسمەكە بن.
سەعات 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ بەكاتی واشنتۆن، واتە سەعات 5:00ی ئێوارە بەكاتی هەرێمی كوردستان رێوڕەسمی بردنی تەرمی لیندزی گراهام بۆ باڵەخانەی كۆنگرێس (كاپیتۆڵ) دەستپێبكات. تەرمەكە لەلایەن تیمی تایبەتی هێزە چەكدارەكانەوە دەگوازرێتەوە و لەژێر چاودێریی پاسەوانانی كاپیتۆڵدا دادەنرێت، ئەوەش وەك رێزێك بۆ خزمەتە سەربازییەكانی سیناتۆرەكە؛ ناوبراو وەك ئەفسەری دادوەری گشتی هێزی ئاسمانی خزمەتی كردووە و لە ساڵی 2015دا بە پلەی عەقید لە یەدەگی هێزی ئاسمانی خانەنشین بووە.
بڕیاریشە رێوڕەسمی سەرەكی سەعات 2:00ـی دوای نیوەڕۆ بەكاتی ئەمریكا كە دەكاتە 9:00ی شەو بەكاتی هەولێر لە كاتدراڵی نیشتمانیی واشنتۆن بەڕێوەبچێت. تێدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا وتارێك پێشكەش دەكات. بڕیارە هەریەك لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و ڤۆلۆدیمێر زێلینیسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا بەشداریی لە رێوڕەسمەكەدا بكەن.
سبەینێ چوارشەمە تەرمی گراهام دەگوازرێتەوە بۆ ویلایەتی كارۆلینای باشوور و دوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لەزێدی خۆی بە خاك دەسپێردرێت.
لیندزی ئۆلین گراهام، لەدایكبووی 9ی تەممووزی 1955 بوو، سیناتۆرێكی ئەمریكی بوو لە پارتی كۆمارییەكان بۆ ویلایەتی كارۆلاینای باشوور لە ساڵی 2003ەوە تا 2026 وە یەكێك بووە لە داڕێژەرانی سەرەكیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا.
لیندزی گراهام لە 11ی تەمموزی ئەمساڵ لە تەمەنی 71 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەكی كتوپڕەوە كۆچی دوایی كرد. راپۆرتە پزیشكییە سەرەتاییەكان هۆكاری مردنەكەی بۆ دڕانی شاخوێنبەری دڵ دەگێڕنەوە.