سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت،لە وەڵامی هێرشەكانی ئەمریكا هێرشیان كردووەتە سەر ئامانجەكانی ئەو وڵاتە لە بەحرەین و ئوردن و كوەیت .
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چەند سەعاتی رابردوودا گورزی 27ی هێرشەكانیان لە ئۆپراسیۆنی نەسری دوو بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر بنكەی سەربازی عەلی سالم لە كوەیت ئەنجامداوە، كۆگایەكی گەورەی تەقەمەنیان لە بنكەكە كردووەتە ئامانج و ژمارەیەك باڵەخانەی نیشتەجێبوونیش كەوتوونەتەبەر هێرش و شەش باڵەخانەیان بە تەواوی رووخاون و سێ باڵەخانەی تریش زیانێكی زۆریان بەركەوتووە جگە لەو زیانە ماددیانە، ژمارەیەك سەربازی ئەمریكایان لە بنكەكە كوشتووە و ژمارەیەكی تریش برینداربوون. هاوكات راشیگەیاند، لە درێژەی ئۆپراسیۆنی پێشوویان دژی ناوەندی داتا هەواڵگریی كۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریكی لە بەحرەین كە ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە تەواوكردنی هەواڵگری سوپای ئەمریكی، بینای ناوەندەكەیان كردووتە ئامانج و وێرانیان كردووە.
ئەمەش لەكاتێكدایە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، بە درۆن هێرشیان كردووەتە سەر كۆگاكانی سووتەمەنی و لۆجستی و ناوەندەكانی فەرماندەی ئەمریكا لە بنكەی شێخ عیسا لە بەحرەین و ئەزرەق لە ئوردن.
نزیكەی 15 رۆژە گرژی سەربازیی لە نێوان ئەمریكا و ئێران بەهۆی ناكۆكییان لەسەر ئیدارەدانی گەرووی هوورمز دروستبووە، تائێستاش هیچ ئاسۆیەك بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان نییە. لە دوایین لیدوانی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیشدا، دڵنیایی داوە لەوەی تا ئەو كاتەی ئەمریكا درك بە بەرژەوەندییە نەتەوەیەكانی ئێران نەكات لای ئەوان هیچ ئەگەرێك بۆ دانوستان نابێت. ئەمەش لە كاتێكدایە هەر دوێنێ ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری دایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر رێككەوتن نەكەن ئەوا باجێكی قورس دەدەن و هێرشە شەوانەكانیان توندتر دەكەنەوە.