ژمارەیەك درۆن لە ئاسمانی شاری هەولێر تێكشكێندران و بەهۆی كەوتنەخوارەوەی پارچەی درۆنی تێكشكاویشەوە ئاگرێكی گەورە لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كەوتووەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست گەلی كوردستان كەوتووە، دەنگی چەند تەقینەوەیەكی یەك لە دوای یەك لە ئاسمانیی شاری هەولێر بیستران و چەند درۆنێكیش لەلایەن سیستمی بەرگریی هێزەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمانی شاری هەولێر تەقێنراوەتەوە. هاوكات بەهۆی كەوتنەخوارەوەی پارچەی درۆنەوە ئاگرێكی گەورە لە نزیك فڕۆكەخانە كەوتووەتەوە. سەبارەت بە دۆخی فڕۆكەخانەكە و بەردەوامیی خشتەی گەشتەكان ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی هەولێر ئاسایین و بەردەوامن و هیچ گەشتێكیش رانەگیراوە.