سەرەڕای ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان هەولێر و بەغداد، تا ئێستا حكومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێكی كرداریی بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لە هێرشە درۆنی و مووشەكییەكان نەناوە.
زیاتر لە مانگێك بەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان تێدەپەڕێت، بەڵام بەغداد هیچ جۆرە سیستمێكی بەرگری لە هەرێمی كوردستان جێگیر نەكردووە. ئەم سستییە لە كاتێكدایە كە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێم بەردەوامییان هەیە و كەرتی وزە رووبەڕووی مەترسی جدی بووەتەوە.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، دوای لێكتێگەیشتنە ئەمنییەكان، هیچ جۆرە رادارێك یان سیستمێكی بەرگری بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكان دابین نەكراوە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەنیا هەندێك لە كۆمپانیا نەوتییەكان خاوەنی سیستمی راداری ئاگاداركردنەوەن و لە كاتی مەترسیدا زەنگ لێدەدەن، بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە تەنیا سیستمی بەرگری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كار دەكات بۆ تێكشاندنی درۆنەكان.
لە 14ی حوزەیرانی 2026، وەفدێكی باڵای ئەمنی عیراق بە سەرۆكایەتیی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد. لەو كۆبوونەوەیەدا ڕێككەوتن كرا لەسەر داڕشتنی پلانێكی تۆكمە بۆ پاراستنی كۆمپانیا نەوتییەكان و دانانی سنوورێك بۆ بە ئامانجگرتنیان. مەبەست لەم ڕێككەوتنە ڕەخساندنی زەمینە بوو بۆ دەستپێكردنەوەی كاری كۆمپانیاكان و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە تا ئێستا بە راگیراوی ماوەتەوە.