ژینگەدۆستێك لە سنووری ناوچەی قەرەداغ كە ساڵانێكە خۆی بۆ پاراستنی سروشتی ناوچەكە تەرخانكردووە، بۆ دووەمجارە لە رێگەی كامێراكانی چاودێرییەوە تۆماری ڤیدیۆیی پڵنگ تۆمار دەكات.
ژینگەدۆستەكەی ناوچەی قەرەداغ لە رێگەی دانانی كامێرا و دروستكردنی حەوزی ئاو بۆ ئاژەڵە كێوییەكان وێنە و گرتە ڤیدیۆیی ئاژەڵی كێوی دەگمەنی وەك پڵنگ تۆمار دەكات، كە زۆر بە دەگمەن پڵنگ لەو ناوچەیە بینراوە.
وەك لە گرتە ڤیدیۆییەكدا كە ژینگە دۆستەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردووە و لەسەری نوسیوە " ئەمشەو پێش سەعات (12:00) ئەم پڵنگە جوانە میوانمان بوو، ئاوی خواردو ڕۆیشت". بۆ دووەمجارە پڵنگ دەكەوێتە بەر زوومی كامێراكانی ژینگە دۆستەكە. ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتریش جارێكی تر گرتە ڤیدیۆییەكی بڵاوكردەوە تیایدا پڵنگێك لە شاخەكانی قەرەداغدا دەردەكەوێت.
بەپێی زانیاریەكان پڵنگەكەی ناوچەی قەرەداغ لە جۆری زاگرۆس-ە كە جۆرێكی دەگمەنە.