سەرۆكی داواكاری گشتیی عیراق و 12 دادوەر دەگۆڕدرێن

عیراق 02:31 PM - 2026/07/06

سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پۆستە باڵاكانی دەسەڵاتی دادوەریدا كرد و سەرۆكێكی نوێی بۆ داواكاری گشتی راسپارد.

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك كە ئیمزای  فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراقیان لەسەرە، رۆژی یەكشەممە، بڕیاردراوە بە راسپاردنی 12 دادوەری باڵا بۆ كاركردن بە بەرپرسیارێتی جیاواز لە دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی لە پارێزگاكانی عیراق.

لە فەرمانێكی تری  دادوەریدا فایەق زێدان بڕیاری داوە بە گواستنەوەی دادوەر (عادل خزەیر عەباس) لە دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەرییەوە بۆ سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و راسپاردنی بە ئەركەكانی سەرۆكی داواكاری گشتیی عیراق.

ئەم بڕیارانە پاڵپشت بە یاسای رێكخستنی دادوەریی و یاسای ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی دەركراون و لە رۆژی دەرچوونیانەوە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو