لە كاتێكدا نرخی كاڵا و پێداویستییەكان لە بازاڕەكاندا بە بیانووی جێبەجێكردنی سیستمی نوێی گومرگی گران بوون، بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی سلێمانی رایدەگەیەنێت ،تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك لە سیستمی دەروازەكاندا نەكراوە.
قادر پیرۆت بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ ڕێنماییەكی نوێیان لە لایەن وەزارەتی داراییەوە بەدەستنەگەیشتووە بۆ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا لە دەروازە سنوورییەكان. ئاماژەی بەوەشكرد لە سەرجەم دەروازەكان بەو سیستمە كاردەكرێت كە پێشتر كاری پێكراوە و هیچ ڕێكارێكی نوێ نەگیراوەتەبەر.
ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەری گومرگ لە كاتێكدایە ،لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان نرخی خواردەمەنی، كەرەستە و پێداویستییەكانی رۆژانە گران بووە. بازرگان و فرۆشیارەكان هۆكاری گرانبوونی نرخەكان بۆ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا دەگێڕنەوە، بەڵام لێپرسراوانی گومرگ تەئكید دەكەنەوە كە هێشتا سیستمەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەفتەی ڕابردوو كۆنووسی لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغداد دەربارەی پرسە گومرگییەكان ئیمزاكرا. بڕیارە لیژنەیەكی باڵالە حكومەتی فیدراڵەوە سەردانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ داخستنی ئەو دەروازانەی رەسمی نین. هەروەها هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم كار دەكەن بۆ ئامادەكردنی لیستێكی یەكگرتووی گومرگی بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەكان.