لەماوەی تەنها چوار رۆژی یەكەمی سولی فێست، فێستیڤاڵەكە توانی كاریگەرییەكی گەورە لەسەر ئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی و میدیایی دروست بكات و 100 هەزار كەس بەشداربن.
دامەزراوەی ئایتۆك رێكخەری فێستیڤاڵی نیشتیمانی سولی فێست، داتای چوار رۆژی یەكەمی فێستیڤاڵەكەی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، نزیكەی 100 هەزار بەشداربوو لەماوەی چوار رۆژدا سەردانی فێستیڤاڵەكەیان كردووە، كە ئەمە ریكۆردێكی تازەیە بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق.
بەپێی داتاكە،لەرووی ئابوورییەوە، زیاتر لە 600 ملیۆن دینار ئاڵوگۆڕی بازرگانی تۆماركراوە، كە بە شێوەیەكی راستەوخۆ سود بە كۆشكەكان و بازرگانان و بەشداربووانی بازاڕی فێستیڤاڵەكە گەیاندووە.لە ڕووی میدیایی و دیجیتاڵیشەوە، لە 26 ی حوزەیران تا یەكی تەمموز ، ناوەڕۆكەكانی سولی فێست گەیشتوون بە 15 ملیۆن و 630 هەزار بینەر، بەبێ هیچ سپۆنسەركردنێك. هەروەها104 هەزارو 500 كارلێك تۆماركراوە، كە بریتییە لەو كەسانەی كلیكیان لەسەر ناوەڕۆكەكان كردووە.ئەم داتایانە پیشان دەدەن كە سولی فێست لەچوار رۆژی یەكەمدا توانیویەتی ببێتە یەكێك لەگەورەترین چالاكیە نیشتمانی و ئابووری و میدیاییەكانی سلێمانی و هەرێمی كوردستان.