سایلۆی كەركوک نزیكەی 380 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران وەرگرتووە

کوردستان 02:14 PM - 2026/07/01

تا ئێستا لەناو پلاندا،لە سایلۆی كەركوك  نزیكەی 380 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و دەستكراوە بە وەرگرتنی گەنم لە دەرەوەی پلان.
حەسەن حەمدی بەڕێوەبەری سایلۆی كەركوك لەبارەی بڕی گەنمی وەرگیراوەوە ڕایگەیاند،  لەناو پلاندا نزیكەی 380 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و نزیكیش بوونەتەوە لە وەرگرتنی گەنم لەناو پلان، بە ڕێژەی 100%.
لەبارەی میكانیزمی نۆرەگرتنی جووتیارانەوە حەسەن حەمدی رایگەیاند، لە سایلۆی كەركوك دەستكراوە بە تۆماركردنی ئەلیكترۆنی بۆ نۆرەگرتنی تەسلیمكردنی گەنم لە دەرەوەی پلان و چاوەڕوانی رێنماییەكانی وەزارەتی بازرگانیی عیراقن، بۆ دیاریكردنی بڕی وەرگرتنی گەنم لە دەرەوەی پلان، لەكاتێكدا بە رەسمی 389 هەزار تۆن گەنم دیاریكراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر هۆبەی كشتوكاڵیی كەركوك و چەند لیژنەیەك سەردانی مەیدانیی ئەو جووتیارانەیان كردووە، كە بەرهەمی گەنمی دەرەوەی پلانی كشتوكاڵییان هەیە و تۆماركراون و زانیارییەكان رەوانەی سایلۆی كەركوك كراون، ئەو جوتیارانەی زەوییەكانیان لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵییە، دەتوانن لە سایلۆی كەركوك بەرهەمەكانیان تەسلیم بكەن ، كە بۆ هەر تۆنێك گەنم، بڕی 500 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
كۆی گشتیی رووبەری ئەو زەوییانەی لە سنووری پارێزگای كەركوك لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵییانن، بە 600 هەزار دۆنم دەخەمڵێندرێن و جووتیاران ساڵانە بەشێكی بە گەنم، جۆ و گەنمەشامی دادەچێنن، بەڵام بەهۆی كێشەی موڵكداریی زەوییەكان، حكومەت بەرهەمەكانیان بەبێ پلان هەژمار دەكات.
لە وەرزی 2025 لە سنووری پارێزگای كەركووك، بەرهەمی گەنم زیاتر لە 500 هەزار تۆن بوو، حكومەتی عیراق گەنمی پلەیەكی بە 850 هەزار دینار وەرگرت، بەڵام لە ئەمساڵدا نرخەكەی بۆ 700 هەزار دینار كەمبووەتەوە و لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵییش گەنم بە 500 هەزار دینار وەردەگرێت..

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو