دەزگایەك : ئەو پارەیەی بۆ كارەبا خەرج كراوە 10 هێندە زیاترە لەوەی عیراق پێویستییەتی

کوردستان 12:03 PM - 2026/07/01

   
وەزارەتی كارەبای عیراق وەك یەكێك لەو وەزارەتانە ناوی دەهێندرێ كە گەندەڵی زۆری تێدا كراوە و سەرۆكی دەزگایەكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لەگەندەڵی دەڵێت، ئەو پارەیەی لە عیراق بۆ كارەبا خەرج كراوە، 10 هێندەی ئەو پارەیەیە كە وڵاتەكە  پێویستییەتی بۆ ئەوەی كارەبای تەواوی هەبێت.
سەعاتەكانی كارەبا لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی تر ، تەنانەت لەناو یەك پارێزگایش دەگۆڕدرێ. ئێستا لە پارێزگاكانی بەغداد، نەجەف، كەربەلا، موسەننا و دیوانییە، 8 بۆ 10 سەعات كارەبای نیشتمانی هەیە، تەنیا بەسرە نەبێت كە 16 بۆ 18 سەعات كارەبای نیشتمانی پێ دەدرێت. سەعاتەكانی تر كارەبا لە رێگەی مۆلیدە تایبەتەكانەوە دابین دەكرێت.
محەممەد روبەیعی سەرۆكی دەزگای نەهرەین بۆ پاڵپشتیی دەستپاكی لە عیراق، راگەیاند، كەرتی وزە زۆرترین گەندەڵی و دزیی تێدا دەكرێ و بەراورد بەو پارەیەی بۆی تەرخان كراوە، خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆ پێشكەش ناكات، گرفتی كارەباش تائێستا لە عیراق بەردەوامە و كارەبای پێویست نادرێتە هاووڵاتی، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، بە وتەی محەممەد روبەیعی ،وەزارەتی كارەبا فەرمانبەری زۆری هەیە، بێ ئەوەی هیچ شتێك پێشكەش بكەن. گەندەڵیی زۆر لە گرێبەستەكان، كۆكردنەوەی پارەی كارەبا و پڕۆژەكانی وەزارەتەكەدا هەیە. نەبوونی كارەباش كاریگەری لەسەر كەرتەكانی تر و ئابووریی عیراق دروست كردووە.

باسی لەوەشكردووە،ئەو پارەیەی بۆ كارەبا خەرج كراوە، 10 بەرامبەر زیاترە لەو بڕە پارەیەی عیراق پێویستییەتی بۆ ئەوەی كارەبای تەواوی هەبێت. پارەیەكی زۆر خەرج دەكرێ، بێ ئەوەی سوودی هەبێت و هیچ خزمەتێك پێشكەش بكرێ.
لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عیراق 2023،2024 و 2025 ساڵانە زیاتر لە  14 تریلیۆن و 455 ملیار دینار بۆ كارەبا تەرخانكرا، بەڵام تا ئێستا دۆخی كارەبا لە عیراق خراپە و و هاووڵاتیان پەنایان بردووەتە بەر مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ پڕكردنەوەی سەعاتەكانی كارەبا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو