فەرمانبەرانی هەرێم ناچار دەكرێن قەرزی 10 ساڵی سندوقی خانەنشینی بدەنەوە

کوردستان 11:44 AM - 2026/07/01

لە كاتێكدا سندوقی خانەنشینی لە عیراق وەبەرهێنان بە پارەكانییەوە دەكات، لە هەرێمی كوردستان سندوقەكە بەتاڵە و حكومەت بڕیاریداوە قەرزی 10 ساڵی رابردووی لێبڕینی خانەنشینی بە شێوەی قیست لە فەرمانبەران وەربگرێتەوە.
بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە 27ی ساڵی 2006، سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت دامەزراوە. سەرچاوەكانی داهاتی ئەم سندوقە بریتین لە: لێبڕینی خانەنشینی لە مووچەی فەرمانبەران، بەشداریی دەوڵەت بە ڕێژەی 12%ی مووچە، داهاتی وەبەرهێنانی پارەكانی سندوقەكە، هاوكارییەكانی وەزارەتی دارایی و دیاری و بەخشینەكان. ئەم سندوقە لە عیراق بووەتە پاڵپشتێكی دارایی گەورە و لە كاتی قەیرانەكاندا قەرزی بە حكومەتی فیدراڵیش داوە.
بە پێچەوانەی عیراقەوە، سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان بەتاڵە و لە ساڵانی رابردوودا هیچ داهاتێكی تێدا كۆنەكراوەتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە حكومەتی هەرێم مانگانە ڕێژەی 7%ی بەناوی لێبڕینی خانەنشینی لە مووچەی فەرمانبەران بڕیوە، بەڵام بەهۆی بەتاڵیی سندوقەكەوە، لە كاتی قەیرانە داراییەكاندا خانەنشینان رووبەڕووی گرفتی گەورەی بژێوی بوونەتەوە.
بەپێی بڕیارێكی نوێی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ، فەرمانبەران و خانەنشینان ناچار دەكرێن قەرزی لێبڕینی خانەنشینی ساڵانی (2014 تا  2024) بگەڕێننەوە. فەرمانبەران لە ماوەی 36 مانگ و خانەنشینان لە ماوەی 60 مانگدا دەبێت ڕێژەی سەدا سێی مووچە بنەڕەتییەكانی ئەو ساڵانە پاكتاو بكەن، هەرچەندە لەو ماوەیەدا 16 مووچەی تەواویان وەرنەگرتووە و 44 مووچەشیان بە لێبڕینەوە بۆ خەرجكراوە..

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو