ئۆنسەیەك زێڕ بۆ كەمتر لە چوار هەزار دۆلار دابەزی

کوردستان 11:40 AM - 2026/07/01

نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزینەكانی چەند رۆژی رابردووی خۆی و نرخی ئۆنسەیەك  زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێژەی 0.7% دابەزی و گەیشتە سێ‌ هەزار و 979   دۆلار.لە بازاڕەكانی  هەرێمی كوردستانیش  هاوتەریب لەگەڵ بازاڕە جیهانییەكان نرخی زێر دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە ، بەجۆرێك یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 نرخەكەی بۆ خوار 870 هەزار دینار دابەزیووە.
  بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەكانی گەنجینەی ئەمریكا و نیگەرانییەكان لەسەر ئەگەری شكستهێنانی رێككەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریكا و ئیران فشارەكانیان بۆ نرخی زێڕ زیاد كردووە .
  ئیلیا سپیڤاك، شرۆڤەكاری سەر بە كۆمپانیای راوێژكاری ( تەیستی لایڤ) رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەكانی ئەمریكا و بەهای دۆلار بوونەتە هۆكار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.بە وتەی بێس هامەك سەرۆكی بانكی فیدراڵی كلیڤلاندیش،ئەگەر فشارەكانی هەڵاوسان كەم نەبنەوە هێشتا ئەگەری بەرزكردنەوەی سوودی بانكی هەیە.بەپێی پێشبینیەكان بازرگانان بەڕێژەی 67% ئەگەری بەرزكردنەوەی سوودی بانكییان لە مانگی ئەیلوولدا داناوە. وەبەرهێنەران و بازرگانانی زێڕ ئێستا چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی داتاكانی بازاڕی كاری ئەمریكا دەكەن بۆ تێگەیشتن لە ئاراستەی سیاسەتی بانكی ناوەندی ئەمریكا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو