وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، لە راپۆرتێكی شەش ساڵەیدا ئاشكرایكرد، كۆی قەرزی حكومەت لای هاووڵاتییان و بازرگانان سێ ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە؛ لەو بڕە زیاتر لە ترلیۆنێك و 900 ملیاری دیناری لای هاووڵاتیانە و ترلیۆنێك و 300 ملیۆن قەرزی ئاسانكارییە. دەشڵێت، سەرقاڵی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاون بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی گشتی.
لە چوارچێوەی بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكییەكان و چاكسازییەكانی ساڵانی (2019 تا 2025)، وەزارەتی دارایی داتاكانی تایبەت بەو قەرز و پێشینانەی خستووەتەڕوو كە لەنێوان ساڵانی (2008 تا 2014) بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران دراون و دواتر بەهۆی قەیرانەكانەوە ڕاگیراون.
بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی وەزارەتەكە خستونیەتیە روە، بڕی پارەی قەرزی گەڕاوە لە هەموو پێشینەكاندا لە نێوان ساڵانی 2019 تا كۆتایی 2025، دەكاتە نزیكەی (539) ملیار دینار، لەكاتێكدا قەرزی ماوە لای هاووڵاتیان تا كۆتایی ساڵی 2025، بە نزیكەی (1) ترلیۆن و (918) ملیار دینار مەزەندە دەكرێت. سەبارەت بە قەرزی ئاسانكارییش، قەبارەكەی بە سوود و سزای دواكەوتنەوە گەیشتووەتە زیاتر لە (1) ترلیۆن و (367) ملیار دینار.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتر زنجیرەیەك بڕیاری لێخۆشبوونی دەركردووە، لەوانە: لێخۆشبوونی تەواوەتی (100٪) لە سزای دواكەوتن، لێخۆشبوونی رێژەی (15٪) لە قەرزی پێشینەكان، لێخۆشبوونی كەسوكاری شەهیدانی داعش لە قەرزی خانووبەرە و بەخشینی سوودی پێشینەی كشتوكاڵی بۆ جووتیاران. لە دوو گرافیكدا ئەو جۆر و ژمارەی ئەو قەرزانە روون دەكەینەوە كە وەزارەتی دارایی دەڵێت قەرزی حكومەتە و لای هاووڵاتیان و بازرگانانە.