كشتوكاڵی هەرێم: ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە 1 ملیۆن تۆن دەبێت

کوردستان 11:42 AM - 2026/06/28

جووتیاران لەهەرێمی كوردستان دەستیان بەكۆكردنەوەی بەرهەمی پەتاتە كردووە هەرچەندە بەهۆی بارانی زۆرەوە باس لە كەمبوونەوەی بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو دەكەن، بەڵام پێداویستی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە و هەناردەی وڵاتانی كەنداو و ناوەڕاست و خوارووی عیراقیشی دەكەن.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵەوە رایگەیاند، لە ساڵی 2020 وە بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی كوردستان زیاد كراوە و ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە بە یەك ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرێت، ئەمەشی وەك هەنگاوێكی گرنگە بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدانی پیشەسازیی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان، لەبارەی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییەوە ئاماژەی بە رێككەوتنی نوێی رۆژمێری كشتوكاڵی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی كرد، بەئامانجی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و قەدەغەكردنی هاوردەكردن لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمە خۆماڵییەكان.

بەوتەی رزگار حەمە خدر، راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ، وەزارەتی كشتوكاڵ هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی هۆڵەندا هەبووە بۆ زیادكردنی بەرهەمی پەتاتە، هەروەها گرنگی بەزیادكردنی بەرهەمە خۆماڵییەكان دراوە لەنێویاندا بەرهەمی پەتاتە و ساغكردنەوەی لە ناوەڕاست و خوارووی عیراق. 

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، ساڵی رابردوو 600 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە هەبووە لەهەرێمی كوردستان و پێداویستیی ناوخۆش ساڵانە 300 بۆ 350 هەزار تۆن پەتاتەیە، بڕێكیش رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عیراق و وڵاتانی كەنداو دەكرێت.

بەگوێرەی خەمڵاندنەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، لە هەر دۆنمێك زەوی تۆنێك تاوەكو 8 تۆن بەرهەمی پەتاتە كۆدەكرێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ناوچەكان و كەشوهەوا و گرنگیپێدانی جووتیارەكان بە بەرهەمەكانیان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

بە وتەی جووتیاران لە هەرێمی كوردستان چەندین جۆر پەتاتە بەرهەمدەهێنن كە زۆرترینیان بەناوی هەرزۆنە و رەشیدەیە هەروەها پەتاتەی ناوزەرد، ئەمە جگە لە پەتاتەی هۆڵەندی كە چەندین جۆری هەیە.

هاوكات ئەمساڵ لە شارەزوور لە هەر دۆنمێك زەوی كە بە تۆوی پەتاتە چێندراوە 3 تۆن بەرهەمی دەبێت، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو لە هەر دۆنمێك 7 بۆ 10 تۆن بەرهەم هەبووە. 
لە هەرێمی كوردستان 7 كارگەی جیپس و فینگەر هەیە و توانای كارگەكان لەنێوان 10 تاوەكو 20 تۆنی رۆژانەیە تاوەكو بكرێتە فینگەر و جیپس، كە بەشێكی بۆ ناوخۆ و بەشێكی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراق رەوانە دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو